فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ھێزەکانی ئەمەریکا گەیشتە ئیسرائیل
K24 - هەولێر
جەنەراڵ مایکڵ کوریللا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ھێزەکانی ئەمەریکا (CENTCOM)، بەسەردانێک گەیشتە ئیسرائیل.
ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی ئۆکتۆبەری 2023، جەنەراڵ مایکڵ کوریللا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ھێزەکانی ئەمەریکا (CENTCOM) بەسەردانێک گەیشتە ئیسرائیل کە ئەمەش لە کاتێکدایە، تا ئێستا شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوە حەماس بەردوامە.
سوپای ئیسرائیل لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردووەتەوە: "بەیانی ئەمڕۆ، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ھێزەکانی ئەمەریکا، جەنەراڵ مایکڵ کوریللا لەسەر بانگھێشتنامەیەکی فەرمی ھێرزی ھالێڤی، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، گەیشتووەتە وڵاتەکە".
ڕاشیگەیاندووە، چاوەڕان دەکرێت جەنەراڵ مایکڵ کوریللا لەسەردانەکەی بۆ ئیسرائیل لەگەڵ یائۆڤ گالانت، وەزیری بەرگریی وڵاتەکە و ھێرزی ھالێڤی، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل کۆببێتەوە.
بە گوێرەی بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی سوپای ئیسرائیل، لە کۆبوونەوەکەندا، جەنەراڵ مایکڵ کوریللا و وەزیری بەرگری و سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، ھەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشی ئێستای ناوچەکە دەکەن.
سوپای ئیسرائیل باسی لەوەش کردووە کە سەردانەکەی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ھێزەکانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل لە کاتی شەڕدا، بەھێزی پەیوەندی و چارەنووسی ھاوبەشی ھەردوو وڵات بە گشتی و سوپای ئیسرائیل لەگەڵ سوپای ئەمەریکا بە تایبەتی دووپات دەکاتەوە.
دوای سەرھەڵدانی گرژی سەربازی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە، ئەمەریکا پاڵپشتی خۆی بۆ ئیسرائیل ڕاگەیاند.
ئەمە لە کاتێکدایە لە ڕۆژی دووشەممەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەسەردانێک لە ئیسرائیلە و چاوەڕان دەکرێت سبەی چوارشەممە جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، بەسەردانێک بگاتە ئیسرائیل.