نەجم جبوری لە کێبرکێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دوور دەخرێتەوە
K24 - هەولێر
بڕیارەکەی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، کە جێگرەوەی (دەستەی ریشەکێشکردنی بەعس)ـە بەردەوامە، بۆ دوورخستنەوەی نەجم جبوری پارێزگاری نەینەوا، لە خۆ کاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان.
دەستەی ریشەکێشکردنی بەعس ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە و ئەفسەرانی سەربازی سوننەی لە دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق دەرکردووە، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە و ئەفسەرانی شیعەشیان دەرکردووە بە بیانووی ئەوەی ژمارەیەک لە ئەفسەرە شیعەکان پەیوەندییان بە حزبی بەعسی پێشووەوە هەبووە، کە بەشێک لەوسەرکردە شیعانە خۆیان بەری کرد لەوەی ئیینتیمایان بۆ حزبی بەعس هەبووبێت.
ئەمڕۆ، دوای 13 ساڵ لە دامەزراندنی ئەم دەستەیە، لە کاتێکدا هیچ ئاماژەیەک نییە کە ئەو دەستەیە هەڵبوەشێنرێتەوە و دۆسیەکانی بگوازرێنەوە بۆ دەسەڵاتی دادوەری بۆ بڕیاردان، پەرلەمانی عێراق مانگی رابردوو دەنگی لەسەر ئەو ئەندامانەدا کە بە وەکالەت ئەو دەستەیان بەڕێوە دەبرد.
سیاسەتمەدارێکی عێراقی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت گوتی: "رێکارەکانی دەستەی ریشەکێشکردن بۆ پارێزگاری نەینەوا، هیچ تایبەتمەندییەکی مەزهەبی تێدا نییە، چونکە پرۆسەی قەدەغەکردنەکە لەلایەن هاوڵاتیانی عەرەبی سوننەوە ئەنجامدراوە، ئەمەش گرنگییەکی زۆری هەیە لەسەر ئاستی هاوسەنگی سیاسی و مەزهەبی لە عێراقدا".
ئاماژەی بەوەشکرد: حکومەتی ئێستا بە سەرۆکایەتی سوودانی، هیچ پەیوەندییەکی بەو رێکارانەوە نییە، بەڵام لەوانەیە لابردنی جبوری لە پۆستەکەی وەک پارێزگار، شۆکێک بووە بۆ حکومەت، چونکە ئەو یەکێکە لە پارێزگارە سەرکەوتووەکانی نەینەوا، دەشڵێت: ئەو کاتێک فەرماندەیی سەربازی و پارێزگار بووە بێدەنگ کراوە، بەڵام نەیارەکانی لە عەرەبە سوننەکان ئەوەیان بیر کەوتووەتەوە کە ئەو پێشتر بەعسی بووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بەنیازە خۆی هەڵبژێرێت و رکابەری لەگەڵ ئەواندا دەکات.
پارێزگاری نەینەوا و کاندیدەکەی هەڵبژاردنەکان دوورخرایەوە، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە تەلەفزیۆنیدا دەرکەوت و باسی لەو مامەڵەیەی کرد، کە لەگەڵیدا کراوە.
جبوری دەڵێت: پێشتر لە شەڕی داعشدا شتی باشییان لەسەر من دەگوت، بەڵام ئێستا لەبارەی منەوە دەڵێن: "من بەعسیم".
لەو چوارچێوەیەدا، سیاسەتمەداری ناسراوی عێراقی عیزەت شابەندەر لە پۆستێکدا نووسیویەتی: دواجار پارێزگاری نەینەوا نەجم جبوری، کەوتە تەڵەی لێپرسینەوە بەبێ دادپەروەری، لە پاڵەوانێکی نیشتمانیی ئۆپەراسیۆنەکانی رزگاریخوازییەوە بۆ ریشەکێشکردنی.
شابەندەر دەشڵێت: " پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لەلایەن نەیارەکانییەوە هەوڵی دوورخستنەوەی دەدەن"، شابەندەر داوای لە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، فایق زێدان کرد "بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکات".
ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ 16/10/2023، محەممەد حەلبووسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە نووسراوێک داوای لە دهستهی لێپرسینهوهو دادپهروهری کردووە، کە دوایین راپۆرتی خۆیان پێشکەش بکەن و دەست لەکارو بارەکانیان هەڵگرن، چونکە ئەوان ئەو بابەتە دەبەنە پەرلەمان و دەستەکە هەڵدەوەشێننەوە.