ئەوروپا وەڵامی پێشنیازە نوێکانی ترەمپ دەداتەوە
یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، بەدیهێنانی ئاشتی لە ئۆکرانیا هێشتا پێویستی بە کاری زۆر هەیە، هاوکات جەختدەکاتەوە، بڕیاردان لە پرسە چارەنووسسازەکان، پەیوەستە بە خودی ئەوروپاوە و هیچ لایەنێک بۆی نییە دەستوەردانی تیادا بکات، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەو بانگەشانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای رێککەوتنێکی لەگەڵ رووسیا کردووە سەرانسەری ئەوروپا دەگرێتەوە.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریک، پێنجشەممەی رابردوو پێشبینی ئەوەی کرد رێککەوتنێکی گەورە لەگەڵ رووسیا بکرێت تەنیا جەنگی ئۆکرانیا نەگرێتەوە، بەڵکو تەواوی ئەوروپا بگرێتەوە. یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، هەموو جۆرە دەستوەردانێک لە لایەنی دەرەکییەوە بۆ رێککەوتن و بڕیاردان لە بارەی پرسە چارەنووسسازەکانەوە رەتدەکەنەوە، بۆیە ئەم لێدوانانە ئەگەری هەیە نیگەرانیی نوێ لە کیشوەرەکەدا سەبارەت بە گۆڕانکاریی هەڵوێستی ئەمریکا بەرەو کرێملین دروست بکات، بەتایبەت لە کاتێکدا واشنتن پێشنیاری داڕشتنەوەیەکی بەرفراوانی سیستمی ئاسایشی ئەوروپای خستووەتە روو.
هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، پاوڵا بینۆ، گوتەبێژی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، هەموومان خوازیارین بە زوویی رێککەوتنێکی ئاشتی ئیمزا بکەین و بۆ بەدیهێنانی ئەوە کار دەکەین. بینۆ گوتیشی، هیوادارین ئەو ئامانجە بێتە دی، بەڵام هێشتا کاری زۆر پێویستە بکرێت. ئەو گوتەبێژە جەختی لەوەش کردەوە بڕیاردان لەو پرسانەی کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا هەیە، دەگەڕێتەوە سەر خودی یەکێتییەکە.
پێشتر، گوتەبێژێکی ناتۆ رایگەیاندبوو هاوپەیمانانی ئۆکرانیا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بە شێوازێکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی کار دەکەن. ئەم هەوڵانە پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکانی نێوان کیێڤ و مۆسکۆ بە نێوەندگیریی ئەمریکا دێن کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە ئەبوزەبی بەڕێوەبچێت. هەروەها رایگەیاند، گفتوگۆکانی پێنجشەممە لە برۆکسل بە بەشداریی بەرپرسانی ئەمریکی، ئۆکرانی، ئەوروپی و ناتۆ، پشتیان بە دانوستانە بەرهەمدارەکانی میامی و ئۆسلۆ بەستبوو بۆ ئەوەی بەرەوپێشچوون بە ئاراستەی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا بەدیبهێنن.
گفتوگۆکانی نێوان کیێڤ و مۆسکۆ لە 10 و 11ـی تشرینی دووەم لە ئەبوزەبی بە نێوەندگیریی ئەمریکا بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو ململانێیەی لە شوباتی 2022ـوە بەردەوامە بەڕێوەدەچێت. جارید کۆشنەر، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا، دوای بەشداریکردن لە گفتوگۆکان لە رێگەی ڤیدیۆوە نووسیویەتی، ئەمریکا کار بۆ دامەزراندنی سیستمێکی ئاسایشی ئەوروپیی بەرفراوان دەکات دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە رەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی.
کۆشنەر روونیکردەوە، ئامانجی واشنتن دانانی رێککاری کردەیییە نیگەرانییە ئاسایشییەکانی هەموو لایەنەکان چارەسەر بکات. کۆشنەر جەختیکردەوە ، هەر رێککارێک دەبێت بە تەواوی رێز لە سەروەریی هەر وڵاتێک و یەکپارچەییی خاکەکەی و سەربەخۆیی بڕیارەکانی بگرێت و ناتۆش وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی بۆ بەرگریی بەکۆمەڵ لە ئەوروپا دەمێنێتەوە.
پێدەچێت ئەم هەوڵانەی ئەمریکا نیگەرانیی هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی واشنتن دروست بکات کە هەمیشە دژی خواستی مۆسکۆ بوون بۆ داڕشتنەوەی سیستەمی ئاسایشی ئەوروپا. پێش دەستپێکردنی جەنگ لە ئۆکرانیا لە 2022، کرێملین ئاگادارکردنەوەیەکی کۆتایی ئاراستەی ناتۆ کردبوو بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی لە ئەوروپای رۆژهەڵات، بەڵام هاوپەیمانییە سەربازییەکەی رۆژئاوا داواکەی رەتکردەوە.
لە بەرامبەردا، ئەوروپا هەوڵ دەدات رۆڵێکی گەورەتر لەو هەوڵانەدا بگێڕێت کە بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ راگرتنی شەڕەکە دەکرێن. کۆشنەر لەم بارەیەوە گوتی، لە پەراوێزی گفتوگۆکانی ئەبووزەبیدا بە وردی لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکان راوێژ دەکەین، لە ئەگەری بەدیهێنانی بەرەوپێشچوونیش، هەوڵ دەدەین بە بەشداریی راستەوخۆی ئەوان بەرەو فۆرماتێکی بەرفراوانی فرەلایەنە هەنگاو بنێین.