عەلی حەبیب: ئەمەریکا و عێراق هەوڵی ئاساییکردنەوەی دۆخی نێوان ئیسرائیل و غەززە دەدەن

عەلی حەبیب، شرۆڤەکاری سیاسی و ئەمنی
عەلی حەبیب، شرۆڤەکاری سیاسی و ئەمنی

K24 – هەولێر:

11 رۆژە شەڕی ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە، لەمبارەیەوە شرۆڤەکارێکی سیاسی و ئەمنی، ئاماژەی بەوەدا، لەوانەیە ئەم جەنگە تەشەنە بکات و گەورەتر بێت بۆ ناوچەکانی دیکەی دەوروبەری ئیسرائیل، هەروەها ئیسرائیلیش خۆی لە ئەنجامدانی هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە ترسی لەوە هەیە حەماس گورزێکی کوشندەیان لێبدات.

عەلی حەبیب، شرۆڤەکاری سیاسی و ئەمنی، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، ئەو جەنگەی کە لەنێوان حەماس و ئیسرائیل دایە ئامانجەکە لە قسەکردنی نێوان بایدن و سوودانی ئەوەیە دۆخی ئاڵۆزی نێوانیان هێور بکەنەوە، چونکە لە ئێستادا عێراق رۆڵێکی گرنگ و یاریزانێکی گرنگی هێورکردنەوەی بارودۆخەکەیە لە ناوچەکەدا، بایدنیش دەیەوێت رێگری لەوە بکات کە ئەو جەنگە زیاتر تەشەنە نەکات و کاریگەری لەسەر ناوچەکە بە گشتی هەبێت، چونکە عێراق ژمارەیەک گرووپە چەکداری هەیە، رەنگە ئەو گرووپانەش بەشداری لەو جەنگە بکەن و یارمەتی حەماس بدەن.

ئەمڕۆ سێشەممە (17ـی تشرینی یەکەمی 2023)،جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کرد و تاوتوێی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس و ناردنی کۆمەکی مرۆییان بۆ غەززە کرد.

بە پێی راگەیێندراوێکی کۆشکی سپی، سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆیان لەبارەی ئەو هەوڵانە کردووە کە رێگری لە تەشەنەکردن و بەرفراوانبوونی زیاتری شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەکەن. هاوکات هەردوولا تاوتوێی دۆخی مرۆیی غەززە و  ناردنی کۆمەکی مرۆییان بۆ ناوچە کرد بە هەماهەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ناوچەکە.

عەلی حەبیب هەروەها راشیگەیاند، رۆڵی وڵاتانی عەرەبیش گرنگە لە رێگریکردن لەو بابەتە، چونکە بابەتی فەڵەستین بابەتێکە پەیوەندی بە هەموو عەرەبێک و هەموو عێراقییەک هەیە، لەلایەکی دیکەوە پشتگیری لەلایەن ئێرانەوە هەیە بۆ گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستین، گرووپەکانی حەماس و قەسام بەدیاریکراوی.

ئەو شرۆڤەکارە ئەمنی و سیاسییە، دەڵێت: ئاگری ئەم شەڕە رەنگە هەموو وڵاتانی عەرەبی دەوروبەری ئیسرائیل بگرێتەوە، بۆیە عێراق، ئیسرائیل و ئەمەریکا لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی ئەو بارودۆخە هێور بکەنەوە و رێگری بکەن لەوە زیاتر تەشەنە بکات.

عەلی حەبیب، ئاماژەی بەوەدا، ئیسرائیل ترسی لەوە هەیە لە هێرشی زەمینیدا بەرامبەر بە حەماس شکست بهێنێت، هاوکات گوتی: کۆمەڵێک کەسی خۆبەخش هەیە لە عێراق، لبنان و میسر و ناوچەکانی دیەکە چوونەتە سەر سنووری فەڵەستین و دەیانەوێت بەشداری لەو جەنگە بکەن.

سبەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی ئیسرائیل دەکات، هەروەها راوێژکاری ئەڵمانیاش سەردانی ئیسرائیل دەکات، لەبارەی ئامانجی ئەم سەردانە عەلی حەبیب، گوتی: بانگهێشتێک هەیە لەلایەن ناتانیاهۆ بۆ ئەوەی بایدن سەردانی ئیسرائیل  بکات، ئامانجی ئەم سەردانەش بریتییە لە پشتگریکردنی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل.

رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی.

بەهۆی هێرشی چەکدارانی گرووپە فەڵەستینییەکانەوە، نزیکەی هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 700 کەسی دیکەش برینداربوون.

دواتریش سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی (شمشێری ئاسنین)ـی دژی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس و گرووپە فەڵەستینییەکانی دیکە دەستپێکرد و بەچڕی بۆردوومانی کەرتی غەززەی کرد.

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لەماوەی 11 رۆژی رابردوودا بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە دوو هەزار و 800 کەسی تێپەڕاندووە، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.