خامنەیی هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات

عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران

K24 – هەولێر:

رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە بارەی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە رایگەیاند، ئەوە تاوانە و ئەگەر ئەو هێرشانە بەردەوام بن، کەس ناتوانێت "موسوڵمانەکان و هێزەکانی مقاوەمە" رابگرێت.

رۆژی سێشەممە (17ـی تشرینی یەکەمی 2023) عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیامێکدا داوای دادگاییکردنی بەرپرسانی حکومەتی ئیسرائیلی کرد و رایگەیاند، ئەوەی سوپای ئیسرائیل لە غەززە ئەنجامی دەدات تاوانە.

هەروەها خامنەیی، ئەمەریکای بە دروستکەری ئاڵۆزی و گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس زانی و ئاماژەی بەوە کرد، ئەو سیاسەتەی ئێستا لە ئیسرائیل پەیڕەو دەکرێت، ئەمەریکا دایدەرێژێت.

رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران داوای لە گرووپە جیاوازەکان کرد پشتیوانی غەززە بکەن و وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیلیشی بە ئەرکی هەمووان وەسفکرد.

لەلایەن خۆیەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەگەر هەر لایەنكی دیکە بەشداری لە جەنگەکەیان لەگەڵ حەماس بکات بۆ پشتگیری لە گرووپە فەڵەستینییەکان، ئەوانیش بە مافی خۆیان دەزانن لایەنی دیکە بۆ پشتیوانیکردن لە خۆیان رابکێشنە ناو ئەو جەنگەوە. 

دوای گوتارەکەی خامنەیی، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە کەرتی ‌غەززە و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی تەندروستی غەززەش، 500 کەس کوژراون و سەدانی کەسی دیکەش برینداربوون.

پێش ئەو هێرشەش تەندروستی غەززە، ئاماری قوربانیانی 11 رۆژی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر کەرتی غەززە بڵاوکردەوە، کە زیاتر لە سێ هەزار کەس کوژراون و نزیکەی 13 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.

لە بەرامبەر ئەوەشدا، لە ئەنجامی هێرشەکانی حەماس، زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژراون و زیاتر لە سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.