ئیهود باراک: پێش چەند رۆژێک داوامان لە دانیشتوانی غەززە کرد چۆڵی بکەن
K24 – هەولێر:
لەگەڵ هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی غەززە و کوژرانی زیاتر لە 500 هاووڵاتی فەڵەستینی، سەرۆکوهزیرانی پێشووتری ئیسرائیل ئیهود باراک دەڵێ: "پێش چەند ڕۆژێک خەڵکی غەززەمان ئاگادارکردەوە شارەکە چۆڵ بکەن".
ئەو ئێوارەیە 17 ی تشرینی یەکەمی 2023 و رێک دوای بۆردومانەکەی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی و کوژرانی زیاتر لە 500 هاووڵاتی فەڵەستینی، ئیهود باراک سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل بۆ کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی رایگهیاند، ئیسرائیل نەخۆشخانەکان بە ئامانج ناگرێ لە کاتێکدا دەزانێ پەناگەی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماسە.
باراک زیاتر گوتی: "ئیسرائیل دان بەوە دادەنێ ئەگەر ئەنجامدەری هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی بێت، ئەوەشی نەشاردەوە کە خەڵکی غەززەیان چەند ڕۆژ پێش ئێستا ئاگادار کردۆتەوە شارەکە چۆڵ بکەن و بچنە دەرەوە، بەڵام گوێیان لێنەگرتین.
سوپای ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە کەرتی غەززە و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی تەندروستی غەززەش، 500 کەس کوژراون و سەدان کەسی دیکەش برینداربوون.
پێش ئەو هێرشەش تەندروستی غەززە، ئاماری قوربانیانی 11 رۆژی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر کەرتی غەززە بڵاوکردەوە، کە زیاتر لە سێ هەزار کەس کوژراون و نزیکەی 13 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
لە بەرامبەر ئەوەشدا، لە ئەنجامی هێرشەکانی حەماس، زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژراون و زیاتر لە سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.