جۆن کێربی: جۆو بایدن هەست بە توڕەیی دەکات بەرامبەر ئەوەی لە نەخۆشخانەکەی غەززە روویدا

جۆن کێربی
جۆن کێربی

K24 - هەولێر

جۆن کێربی گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەمڕۆ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە سەردانەکەی بۆ ئیسرائیل بەردەوام دەبێت.

جۆن کێربی گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، جۆو بایدن لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە تەلئەڤیڤ کۆدەبێتەوە، هەروەها تیمی یاوەری سەرۆکی ئەمەریکا، لەگەڵ ئەنجومەنی جەنگی ئیسرائیل کۆدەبێتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، بایدن لە میانی گفتوگۆکانیدا لەگەڵ بایدن و ئەنجومەنی جەنگی ئیسرائیل "هەندێک پرسیاری قورس" دەکات.

کێربی ئاماژەی بەوەشکرد، "هەموو کەس دەیەوێت بزانێت لە هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی غەززە چی روویداوە"، هەروەها "جۆو بایدن هەست بە توڕەیی دەکات بەرامبەر ئەوەی لە نەخۆشخانەکە روویدا، هەروەها تیمی ئاسایشی نیشتمانی خۆی راسپاردووە، کە زانیاری کۆبکەنەوە بۆ ئەوەی وردەکارییەکانی هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی مەعمادی لە کەرتی غەززە بزانن".

باسی لەوەشکرد، بایدن لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ ناتانیاهۆ باس لە دۆخی مرۆیی غەززە دەکات، هەروەها بەڕوونی دەڵێت: کە دەیەوێت هاوکارییەکان رەوانە بکرێت، گوتیشی، نێردراوێکی تایبەتی ئەمەریکا لە ناوچەکەدایە و راستەوخۆ لەگەڵ میسرییەکان و ئیسرائیلییەکان قسە دەکات، ئەوەش رووندەکاتەوە "ئێمە نزیکین لە دامەزراندنی چوارچێوەیەک بۆ کارکردن بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە لە میسرەوە".

کێربی راشیگەیاند، "ئێمە گەشبینین کە دەتوانین هەندێک هاوکاری بهێنینە ناوکەرتی غەززەوە، کارێکی زۆر لە ئێستادا لە ئارادایە".

شەوی رابردوو، سوپای ئیسرائیل له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌ی جه‌نگییه‌وه‌ بۆردومانی نه‌خۆشخانه‌ی (مه‌عمه‌دانی)ـی لە کەرتی غه‌ززه‌ كرد، به‌هۆیه‌وه‌ 500 كه‌س كوژران و بەسەدانی دیکەش بریدار بوون.