رووسیا: دەبێت ئیسرائیل بیسەلمێنێت کە دەستی لە هێرشەکەی نەخۆشخانەی مەعمەدانی نەبووە

بریندارانی بۆردومانەکەی نەخۆشخانەی مەعمەدانی، لەکەرتی غەززە
بریندارانی بۆردومانەکەی نەخۆشخانەی مەعمەدانی، لەکەرتی غەززە

K24- هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە کەرتی غەززە کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان فەڵەستینی، تاوانێکی ترسناکە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل دەبێت وێنەی مانگی دەستکرد پێشکەش بکات بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە دەستی لەو هێرشەدا نەبووە.

ماریا زاخارۆڤا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە رادیۆی سپۆتنیکی راگەیاند، هێرشەکە تاوانێکی ترسناک و نامرۆڤانە بووە.

بەگوێرەی ئاژانسی تاسی رووسی، دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی رووسیا، بۆردومانەکەی شەوی رابردوو، بۆ سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی کەرتی غەززە بە "تاوانی جەنگ" ناوبرد، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەریکا بەرپرسیارێتی کۆتایی ئەم کارەساتە لە ئەستۆ دەگرێت .

مێدڤێدێڤ گوتیشی: "لێدانە قێزەونەکەی سەر نەخۆشخانەکەی کەرتی غەززە بێ گومان تاوانی جەنگە، بەرپرسیارێتی کۆتایی لە ئەستۆی ئەو کەسانەدایە کە قازانج لە شەڕەکانی وڵاتانی جیاواز و لە کیشوەرە جیاوازەکاندا دەکەن، ئەوانەی لە ئەمەریکان".

وەک خۆی دەڵێت، "واشنتن بڕە پارەیەکی زۆر بۆ گرێبەستەکانی چەک تەرخان دەکات، بەرهەمهێنانی ئەم چەکانە لە کەرتی بەرگریدا بەرز دەکاتەوە و لێدوانی فریودەر دەدات سەبارەت بە هەوڵە جیهانییەکانی بۆ بەرگریکردن لە بەها دیموکراسیەکان".

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئێستا زانیاریی پێویستمان لەبەردەستە، دەبێت راستییەکان بڵێین، ئەویش ئەوەیە نەخۆشخانەکە بە بۆردومانی ئیسرائیل نەبووە"، چونکە لەوکاتەدا ئێمە هیچ ئۆپەراسیۆنێکمان لە دەورووبەری نەخۆشخانەی مەعمەدانی نەبووە.

لای خۆیەوە بزووتنەوەی حەماس، ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە، کە کۆمەڵکوژییەکە لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلەوە بووە.