لە ئیستانبوڵ هێرشکرایە سەر لقێکی ماکدۆناڵدز؛ پەیوەندی بە ئیسرائیل و غەززەوە هەیە

زنجیرە رێستۆرانتەکانی ماکدۆناڵدز
زنجیرە رێستۆرانتەکانی ماکدۆناڵدز

K24 - هەولێر:

بەهۆی ئەوەی زنجیرە رێستۆرانتەکانی ماکدۆناڵدز لە ئیسرائیل پشتیوانی خۆیان بۆ سوپای ئەو وڵاتە راگەیاند، کۆمەڵێک خەڵک لە ئیستانبوڵ هێرشیان کردەسەر لقێکی ئەو براندە و زیانێکی زۆری ماددیان پێگەیاند.

لە چەند وڵاتێک هەوڵی بایکۆتکردنی ئەو براندانە دەدرێت کە پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەن، لەنێویاندا ماکدۆناڵدز کە زنجیرە رێستۆرانتەکانی لە ئیسرائیل پاڵپشتی خۆیان بۆ سەربازانی ئیسرائیل دەربڕی و رایانگەیاند، هەزاران ژەمی بێبەرامبەر دەدەنە نەخۆشخانەکان و هێزەکانی سوپای ئیسرائیل.

وەک لە گرتە ڤیدیۆکاندا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، کۆمەڵێک خەڵک لە ئیستانبوڵ هێرشدەکەنە سەر لقێکی ماکدۆناڵدز و دەرگا و پەنجەرەکانی رێستۆرانتەکە دەشکێنن.

لەدوای سەرهەڵدانی جەنگەکە، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن لە ئەگەری سەرهەڵدانی توندوتیژی زیاتر بەرانبەر بە موسڵمانان و جووەکان لە ناوچەکانی دیکەی جیهان.

جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل، لە جیهاندا کاردانەوەی گەورەی لێکەوتووەتەوە و لە هەندێک شوێن کاردانەوەکان گەیشتوونەتە هێرشکردن و کوشتن، لەوانە یەکێکیان لە ئەمەریکا بوو، کە پیاوێکی تەمەن 71 ساڵ بە چەقۆ منداڵێکی فەڵەستینی کوشت و باوکی منداڵەکەشی بریندار کرد، هەروەها لە شاری ئەسکەندەرییە لە میسر دوو گەشتیاری ئیسرائیلی و هاووڵاتییەکی میسری بە دەستڕێژی گوللـە لەلایەن پۆلیسێکەوە کوژران.