سعوودیە: پێویستە گەماڕۆی سەر کەرتی غەززە هەڵبگیرێت
K24 - هەولێر
وەزیری دەرەوەی سعوودیە شازادە فەیسەڵ بن فەرحان رایگەیاند، پێویستە گەمارۆکانی سەر کەرتی غەززە هەڵبوەشێتەوە و رێڕەوی مرۆییش بکرێتەوە، داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، هەنگاو بنێن، چونکە بەردەوام هۆشداری داوە لە مەترسی خراپتربوونی بارودۆخی کەرتی غەززە.
وەزیری دەرەوەی سعوودیە ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کۆنگرەی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە جەددە رایگەیاند، ئێمە چەندین جار هۆشداریمان داوە لە مەترسی جەنگ و کاریگەرییە پێشبینی نەکراوەکان.
گوتیشی: پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستێکی بەرپرسیارانە بگرێتەبەر بۆ پاراستنی فەڵەستینییەکان لە غەززە، ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە یارمەتییە مرۆییەکان بگەیەندرێنە غەززە بۆ رێگەگرتن لە کارەساتی مرۆیی، هەروەها دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی پێویستە و دەبێت بڕیارەکانی یاسایی نێودەوڵەتی جێبەجێبکرێت.
وەزیری دەرەوەی سعوودیە راشیگەیاند، سعوودیە بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگی بەردەوام لەگەڵ هاوبەشەکانی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل.
لەلایەن خۆیەوە سکرتێری گشتی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی، حوسێن ئیبراهیم تەها، بە توندی ئیدانەی ئەو کۆمەڵکوژییەی کرد کە ئیسرائیل ئەنجامی داوە، بە بۆردومانکردنی نەخۆشخانەی مەعمەدیە لە کەرتی غەززە، کە بووە هۆی کوژرانی 500 کەس و بریدناربوونی سەدان کەسی دیکە کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی فەڵەستین ریاز مالیکی گوتی: کەرتی غەززە رووبەرووی کوشتنی بە کۆمەڵ بوونەتەوە.
شەوی رابردوو، ئیسرائیل نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە کەرتی غەززە بۆردومانکرد، کە بووە هۆی کوژرانی 500 کەس و برینداربوونی سەدانی دیکە، ئەو هێرشە مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا لەسەر ئەوەی کێ بەرپرسیارە لەو بۆردومانە.