نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کوردستان24: لە غەززە خواردن تەنیا بەشی چوار رۆژ ماوە
K24 - هەولێر:
گوتەبێژی ئاژانسی (ئونرا)ـی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە غەززە هەر کەسە و رۆژی نانێکی پێدەدرێت و تەنیا بەشی چوار رۆژ خواردن ماوە.
عەدنان ئەبو حەسنا، گوتەبێژی ئاژانسی (ئونرا)ـی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروبار و هاوکاری پەنابەرانی فەڵەستینی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، بۆ کوردستان24 دوا و سەبارەت بە رەوشی کەرتی غەززە رایگەیاند، غەززە کێشەی کەمی کیسەی تەرمی هەیە و ئاوی خواردنەوە نەماوە و خەڵکی پەنا بۆ ئاوی دەریا دەبەن.
عەدنان ئەبو حەسنا گوتیشی: زیاد لە یەک ملیۆن فەڵەستینی ئاوارە بوون و تەنانەت پەناگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش سەلامەت نەماون.
ئاماژەی بەوەشدا، لە غەززە تەنیا بەشی سێ بۆ چوار رۆژ خورادن ماوە و هەر کەسە و رۆژی نانێکی پێدەدرێت.
پێشتریش، دکتۆر ئەحمەد ئەلمەنزەری بەڕێوەبەری هەرێمی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە قاهیرەوە به كوردستان24ـی راگهیاند، دۆخی تهندروستی له غهززه زۆر سهخته، ئهگهر هاوكاری زیاتر نهگات، ژمارهی گیان لهدهستدان بهرزدهبێتهوه.
بەرەبەیانی رۆژی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس بەهاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی "زریانی ئەقسا"یان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی باشووری ئیسرائیل داوە، دواتر ئیسرائیل هێرشی چڕی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد.
سوپای ئیسرائیلیش پێشتر رایگەیاندووە، ژمارەی ئەو ئیسرائیلیانەی لەلایەن حەماس و گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکانەوە تا ئێستا کوژراون، گەیشتووەتە 1400 کەس.