ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا سەردانی ئیسرائیل دەکات
K24 - هەولێر:
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە مەبەستی رێگریکردن لە فراوانبوونی توندتیژییەکان ئەمڕۆ سەردانی ئیسرائیل دەکات.
ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، پێویستە هێرشی سەر نەخۆشخانەکەی کەرتی غەززە ببێتە خاڵی یەکلاکەرەوە بۆ سەرکردەکانی ناوچەکە و تەواوی جیهان، بۆ ئەوەی رێگە لە فراوانبوونی توندتیژییەکان بگرین و دووپاتیشی کردەوە کە وڵاتەکەی کار لەسەر هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش بە سەردانی دوو رۆژە سەردانی ئیسرائیل و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەگەڵ سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆدەبێتەوە و هەوڵی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە دەدات.
لەلایەکی دیکەوە، جۆن بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی گەڕانەوەی لە ئیسرائیل و لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکی میسر بە تەلەفۆن قسەی کردووە و عەبدولفەتاح سیسی رازیبووە کە سەرەتا 20 بارهەڵگر هاوکاری مرۆیی رەوانەی کەرتی غەززە بکرێت و ئاشکراشی کرد کە رەنگە سبەی هەینی هاوکارییەکان بگات، بەڵام هۆشداری دا لەوەی چەکدارانی حەماس دەستبەسەر هاوکارییە مرۆییەکان دابگرن، ئەوا چیتر هاوکارییەکان رەوانە ناکرێن.
بایدن گوتیشی ئەمڕۆ پێنجشەممە رێگەکانی گەیاندنی هاوکارییەکان لە نێوان میسر و کەرتی غەززە چاکدەکرێنەوە و ئاماژەی بەوەشکرد کە ئامانجی ئەوان ناردنی 150 بارهەڵگر هاوکارییە بۆ کەرتی غەززە.
دوێنێ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی ئیسرائیلی کرد و پشتتوانی وڵاتەکەی بۆ ئەو وڵاتە لە شەڕی دژی حەماس دووپات کردەوە.
بەرەبەیانی ڕۆژی 7 ی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس لە ئاسمان و وشکانی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و، پێنج هەزار مووشەکەی ئاڕاستەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە کرد، تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 کەس لە سەرباز و هاووڵاتی ئیسرائیلی کوژراون و سەدان کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە وەڵامی هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس، سوپای ئیسرائیل ئۆپراسیۆنی شمشێری ئاسنینی راگەیاند، بەهۆی ئەو هێرشانەوە تا ئێستا زیاتر لە 3500 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، ژمارەی بریندارەکانیش 10 ههزاری تێپهڕاندووه.