رووسیا: لەمەودوا گەمارۆکانی سەر بەرنامەی مووشەکیی ئێران جێبەجێ ناکەین

ئاڵای ئێران و رووسیا
ئاڵای ئێران و رووسیا

K24 - هەولێر

بە پێی رێککەوتننامەی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک، ئەمڕۆ دەبێت هەموو قەدەغە و گەمارۆکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر بەرنامەی مووشەکیی ئێران لابدرێن. یەکێتیی ئەوروپا ئامادە نییە گەمارۆکان لابدات؛ لە بەرانبەریشدا رووسیا دەڵێت، لەمڕۆوە بە پێویستی نازانێت گەمارۆکانی سەر بەرنامەی مووشەکیی ئێران جێبەجێ بکات.

ئەمرۆ وادەی لادانی گەمارۆکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر بەرنامەی موشەکیی ئێرانە، بەڵام یەکێتیی ئەوروپا و رووسیا لەسەر ئەم بابەتە هاوڕا نین.

بە پێی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی کە لە ساڵی 2015 لە نێوان ئیران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک واژوو کرا، لە ڕۆژی 19ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023، دەبێ گەمارۆکانی ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر بەرنامەی مووشەکیی ئێران و هەروەها گەمارۆکانی پەیوەندیدار بە بازرگانیی چەک لەگەڵ ئێران هەڵبوەشێنەوە، بەڵام وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێن ئامادە نین ئەم گەمارۆیانە لابدەن.

ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا لە ڕاگەیاندراوێک ڕایگەیاندووە، بەڵگەی سەلمێنراوی بۆ بریارەکەی خۆی هەیە و ئەم بابەتە بە گوێرەی بڕیارنامەی 2231ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەولەتی و بەهۆی پابەندنەبوونی ئێران بە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی بڕیاری لەسەر دراوە.

پێشتر، جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کردبوو، هەر یەکە لە بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەڕەنسا بە تەما نین گەمارۆکانی سەر کەرتی مووشەکی و چەکوچۆڵی ئێران هەڵبگرن.

بەڵام لە بەرانبەر بریارەکەی یەکێتیی ئەوروپا، رووسیا پێی وایە دەبێ گەمارۆکان لەسەر ئێران هەڵبگیرێن و جەختیشی کردووەتەوە لەمەودوا پابەندی ئەم گەمارۆیانە نابێت.

حکوومەتی رووسیا لە ڕاگەیاندراوێکدا جەختی کردووەتەوە، دابینکردنی پێداویستییەکانی بەرنامەی مووشەکیی ئێران، لەمەودوا پێویستی بە ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی ئاسایش نییە و رووسیاش بە پێویستی نازانێت، گەمارۆکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی لەم بارەیەوە جێبەجێ بکات.

ڕووسیا داواشی لە یەکێتیی ئەوروپا و ئەمەریکا کردووە، گەمارۆکانی خۆیان لە دژی ئێران کە هۆکاری سیاسییان لە پشتە لابدەن.

پێشتر ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرای کردبوو، بەکارهێنانی درۆنی ئێرانی لەلایەن ڕووسیاوە لە شەڕی ئوکراینا، ئەگەری گواستنەوەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران بۆ ڕووسیا و بێبەشکردنی ئێران لە سوودەکانی رێککەوتننامەی ئەتۆمی، سێ هۆکاری سەرەکیی بڕیارەکەی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر بەرنامەی مووشەکیی ئێرانن.