ئیسرائیل هێرشی کردە سەر پێگەیەکی سوپای سووریا
K24 - هەولێر
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 19/10/2023، هێرشییان کردە سەر پێگەیەکی سوپای سووریا لە پارێزگای قونەیترە.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزی ئاسمانی ئیسرائیل پێگەیەکی سوپای سووریای لە پارێزگای قونەیترە لە باشووری ئەو وڵاتە بۆردومان کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، "دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر سوپای سووریا، دەنگی تەقینەوەکان لەو پارێزگایەدا بیستراوە، کە ئەمە هاوکاتە لەگەڵ بیستنی دەنگی تەقینەوەکان لە ناوچەی جۆلانی سووریا".
سوپای ئیسرائیل لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، "شوێنە تیرۆریستییەکانی حزبوڵڵایان لە باشووری لوبنان کە هاوسنوورە لەگەڵ جۆلان بۆردومان کردووە".
رۆژی شەممەی رابردوو، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل فڕۆکەخانەی شاری حەلەبی سووریای کردە ئامانج و پێنج کەس بریندار بوون. هەروەها رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 12ـی ئۆکتۆبەر، ئیسرائیل بۆردومانی هەر دوو فڕۆکەخانەی دیمەشق و حەلەبی سووریای کرد.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ماوەی 13 رۆژە شەڕێکی سەخت لەنێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس سەری هەڵداوە، کە تاوەکو ئێستا لەو شەڕەدا زیاتر لە سێ هەزار کەس کوژراوە و نزیکەی نۆ هەزار کەسیش برینداربووە.