لاڤرۆڤ: پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و کۆریای باکوور گەیشتووەتە ئاستێکی ستراتیژیی نوێ

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤ لە سەردانەکەی بۆ پیۆنگ یانگ گوتی، پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و کۆریای باکوور گەیشتووەتە ئاستێکی ستراتیژیی نوێ.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، بە سەردانێکی دوو رۆژە گەیشتە پیۆنگ یانگ، دوای ئەوەی یاوەری ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی وڵاتەکەی کردبوو لە گەشتەکەیدا بۆ پەکین.

پێشبینی دەکرێت سەردانەکەی وەزیری دەرەوە بۆ پیۆنگ یانگ رێگە خۆش بکات، بۆ سەردانێک کە پوتن بەنیازە بیکات بۆ کۆریای باکوور، ئەمەش لە وەڵامی بانگهێشتنامەیەکدایە، کە لەلایەن کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکوورەوە پێی گەیشتووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لاڤرۆڤ لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور، چۆی سۆن هوی، گوتی: "دوای لوتکەی مێژوویی دەتوانین بە متمانەوە بڵێین کە پەیوەندییە دوولایەنەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی ستراتیژی نوێ لە ڕووی چۆنایەتییەوە".

ئاژانسی هەواڵی نۆڤۆستی رووسیا لەزاری سێرگی لاڤرۆڤەوە بڵاویکردەوە کە رایگەیاندووە، "پشتیوانی  روونی ئێوە بۆ کردەوەکانی رووسیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئۆکرانیادا، بەرز دەنرخێنین".

گوتەبێژی کرێملن بە ئاژانسی هەواڵی "تاس"ـی راگەیاند، سەردانەکەی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ کۆریای باکوور، بۆ خۆشکردنی رێگایە بۆ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی پوتن بۆ ئەو وڵاتە.

کیم جۆن ئون، لەکاتی سەردانەکەیدا بۆ رووسیا، کە لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا ئەنجامی دا، بانگهێشتی پوتنی کرد بۆ ئەوەی سەردانی وڵاتەکەی بکات.