مەسرور بارزانی و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق کۆبوونەوە

K24 - هەولێر
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری بانکی ناوەندیى عێراق پەرەپێدانی هەماهەنگی لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بەتایبەتی بانکی ناوەندی تاوتوێ دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ـی ئۆکتۆبەری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە عەلی موحسین ئەلعەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیى عێراق کرد.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هەماهەنگی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بەتایبەتی بانکی ناوەندی، لە بوارەکانی چاکسازی لە کەرتی بانکی و هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و کارکردن بۆ سەقامگیریی ئابووری، کرا.
ئەوەش خراوەتەڕوو: "سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە پرۆژە و دەستپێشخەری (هەژماری من) کرد و سوپاسی پشتیوانیی و هەماهەنگیى پارێزگاری بانکی ناوەندی و سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سوودانی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان، پێشکەوتنە بۆ هەموو عێراق و لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییاندایە".
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەردەوامبوون و برەودان بە هەماهەنگی و هاریکاری لەپێناو گەشەپێدانی ئابووری و سەقامگیریی داراییدا.