میدیای فەرمی ئیسرائیل: سوپا ئامادەکاری تەواوکردووە بۆ هێرشی زەمینی
K24 - هەولێر
بە گوێرەی زانیارییەکانی میدیای فەرمی ئیسرائیل، سوپای ئەو وڵاتە ئامادەکارییەکانی تەواوکردووە بۆ ئەنجامدانی هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی ئۆکتۆبەری 2023، میدیای فەرمی ئیسرائیل- KAN بڵاویکردووەتەوە کە سوپای وڵاتەکەی ئامادەکارییەکانی تەواوکردووە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە.
میدیای فەرمی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە کە ماوەی سێ ڕۆژە تا ئێستا هیچ شەڕ و پێکدادانێک لە نێوان سوپای ئیسرائیل و گرووپە فەڵەستینییەکان ڕووینەداوە.
هەروەها لە هەواڵەکەدا باس لەوە کراوە هەموو پێشهاتەکان بە جووڵە و پێگەی هێزەکانیشەوە دەریدەخەن کە سوپای ئیسرائیل ئامادەکارییەکانی بۆ چوونە ناو کەرتی غەززە تەواو کردووە و، ئەو ئۆپەراسیۆنە زەمینییەی دەکرێتە سەر غەززە "دوای پاککردنەوەی یەکەکانی جوولەکەنشینەکان لە چەکدارە فەڵەستینییەکان" قۆناغی دووەمی جەنگەکەیە.
ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ پێنجشەممە، سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لە رۆژی 7ی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا، ژمارەی ئەو سەربازە ئیسرائیلییانەی لە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ گرووپە فەڵەستینییەکان کوژراون گەیشتووەتە 306 سەرباز.
بەپێی دوایین ئامارەکان، بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە، تا ئێستا زیاتر لە 3500 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، ژمارەی بریندارەکانیش 10 ههزار کەسی تێپهڕاندووه.