بایدن: رێگه‌ناده‌ین تیرۆریستانی وەک حەماس و ستەمکارانی هاوشێوه‌ی پوتن سەربکەون

K24 – هەولێر:
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمه‌ریکا رایده‌گه‌یه‌نێت، رێگه‌ناده‌ین تیرۆریستانی وەک حەماس و ستەمکارانی هاوشێوه‌ی پوتن سەربکەون و دیموكراسی ئیسرائیل و ئۆكرانیا له‌ناو ببه‌ن، ده‌شڵێت: "رەتیدەکەمەوە ئەوە رووبدات".
به گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێس، جۆ بایدن، دوێنێ ئێواره لە میانه‌ی پێشكه‌شكردنی گوتارێك، هۆشداریدا لەوەی هەردوو بزووتنەوەی حەماس و رووسیا هەوڵی نەهێشتنی دیموکراسی لە ئۆكرانیا و ئیسرائیل دەدەن.
جەختی لەوەشکردەوە، به‌رده‌وام ده‌بن له پێشکەشکردنی پاڵپشتی سەربازی بۆ ئه‌و دوو وڵاته.
سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بزووتنەوەی حەماس و ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیای وەک دوژمنی دیموکراسی نیشاندا.
هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌مه‌ریكا پارێزەری ئازادییەکانه".
گوتیشی: "رۆژی هەینی 20ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023 داوای پارەی بەپەلە لە کۆنگرێس دەکه‌ین بۆ یارمەتیدانی ئیسرائیل و ئۆکرانیا، كه دوو هاوبەشی سەرەکیمانن".
ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر لە ئۆکرانیا دوور بکەوینەوە، و ئەگەر پشت لە ئیسرائیل بکەین، مەترسی گەورە بۆسه‌ر ئەمه‌ریکا دروست ده‌بێت.
گوتیشی: "ناهێڵین تیرۆریستانی وەک حەماس و ستەمکارانی وەک پوتن سەربکەون".
رۆژی 18ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023 جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له گوتارێكی رۆژنامه‌وانیدا له ته‌لئه‌ڤیڤی پایته‌ختی ئیسرائیل جه‌ختی كرده‌وه، هه‌موو پشتیوانییه‌كی ئیسرائیل ده‌كه‌ن و رووبه‌ڕووی "تیرۆریستان" ده‌بنه‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كه‌شتی سه‌ربازییان گواستووه‌ته‌وه ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ ئه‌وه‌ی پشتیوانی له ئیسرائیل بكه‌ن. گوتبوشی، هه‌فته‌ی داهاتوو داوا له كۆنگرێس ده‌كات بڕیار له‌سه‌ر پشتگیری نوێ بۆ ئیسرائیل بدات.
سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یاندا رایگه‌یاندبوو، گرنگترین بابه‌ت به لای واشنتۆنه‌وه بریتییه له ئازادكردنی دیل و بارمته‌كان، نایانه‌وێت هاووڵاتییانی فه‌ڵه‌ستین چیدیكه ئازار بچێژن.
بەرەبەیانی ڕۆژی 7 ی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس لە ئاسمان و وشکانی هێرشیکردەسەر ئیسرائیل و، پێنج هەزار مووشەکەی ئاڕاستەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە کرد، تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 کەس لە سەرباز و هاووڵاتی ئیسرائیلی کوژراون و سەدان کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە وەڵامی هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس، سوپای ئیسرائیل ئۆپراسیۆنی شمشێری ئاسنینی راگەیاند، بەهۆی ئەو هێرشانەوە تا ئێستا زیاتر لە 3500 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، ژمارەی بریندارەکانیش 10 هه‌زاری تێپه‌ڕاندووه.