کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا وەڵامی سەرۆکی ئەمەریکا دەداتەوە

K24 - هەولێر:

کریملن، کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا سەرکۆنەی گوتارەکەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا دەکات کە تێیدا ڤلادیمێر پوتنی بە "ستەمکار" ناو بردبوو.

دیمیتری بیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئەوەی بایدن لەبارەی پوتنەوە گوتوویەتی، جێگەی قبوڵکردن نییە.

گوتیشی: ئەمجۆرە زمانە سەبارەت بە فیدراسیۆنی رووسیا و سەرۆکەکەمان، قبوڵ ناکەین.

دیمیتری پیسکۆڤ راشیگەیاند، لە رووسیا هیچ هەڵمەتێک بۆ گۆشەگیریکردنی هاووڵاتیانی ئەمەریکی نییە.

سەبارەت بە دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسێکی ئەمەریکی، گوتەبێژی کریملن ئاماژەی بەوەدا، کە لە وڵاتەکەیاندا هاووڵاتی ئەمەریکی هەن کە یاسا پێشێل دەکەن و رێوشوێنی گونجاو بەرامبەریان دەگیرێتەبەر.

جۆو بایدن، دوێنێ ئێواره‌ لە میانه‌ی پێشكه‌شكردنی  گوتارێك، هۆشداریدا لەوەی بزووتنەوەی حەماس و رووسیا هەوڵی نەهێشتنی دیموکراسی لە ئۆكرانیا و ئیسرائیل دەدەن.

سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا لە گوتارەکەیدا بزووتنەوەی حەماس و ڤلادیمێر پوتن, سەرۆکی رووسیای وەک دوژمنی دیموکراسی نیشاندا.

گوتیشی: "ناهێڵین تیرۆریستانی وەک حەماس و ستەمکارانی وەک پوتن سەربکەون".