سەرەتای مانگی داهاتوو بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستپێدەکات
K24 – هەولێر:
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وادەی پەسەندکردنی ناوی جێگرەی کاندیدە دوورخراوەکان و دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ئاشکرا کرد و رایگەیاند، 214 هەزار و 595 فەرمانبەر، دەرچووان و خوێندکارانی زانکۆ سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دەکەن.
رۆژی هەینی (20ـی تشرینی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی کاندیدە دوورخراوەکانی لە پرۆسهی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو راگهیاند و ئاشکرای لە یەکەم هەفتەی مانگی داهاتوو، هەڵمەتی بانگەشەی لیست و کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستپێدەکات.
لەلایەن خۆیەوە، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە 300 کاندید بێبەش کراون له بهشداریكردن له پرۆسهی ههڵبژاردنهكان، بەشێوەیەک 197 کاندید بۆ رێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەری و 102 کاندیدیش بەهۆی بوونی تاوان لە تۆمارەکانیان دوورخراوەنەتەوە، هەروەها کاندیدێکش بەهۆی ئەندامبوونی لە ئاسایشی نیشتمانی و کاندیدێکیش بە تۆمەتی تیرۆر، کاندیدێکیش بەهۆی رێکارەکانی دەستپاکی و و 19 کاندیدی دیکەش بەهۆی بەرجەستەنەبوونی مەرجەکانی کاندیدبوون دوورخراوەنەتەوە.
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمیسیۆن لە هەفتەی یەکەمی مانگی تشرینی دووەمدا پەسەندکردنی ناوی کاندیدەکان رادەگەیەنێت، بۆ ئەوەی لە هەمان هەفتەدا بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێبکات.
لەبارەی دابەشبوونی ژمارەی بنکە و وێستگەکانی دەنگدان، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، بۆ دەنگدانی گشتی حەوت هەزار و 166 کە لە 35 هەزار و 553 وێستگەی دەنگدان پێکدێت. هەروەها بنکەکانی دەنگدان بۆ دەنگدانی تایبەت بریتییە لە 565 بنکە کە لە دوو هەزار و 367 وێستگەی دەنگدان پێکدێت، کە تایبەتە بە دەنگدانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بەرگری و دامەزراوە سەربازییەکانی دیکە بە حەشدی شەعبییەوە.
لەبارەی دەنگدانی ئاوارەکانیشەوە، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرایکردووە، بەهۆی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، ژمارەی دەنگدەرانی ئاوارە لە 120 هەزارەوە بۆ 48 هەزار دابەزیوە، بۆ ئەو مەبەستەش 34 بنکەی دەنگدان کە لە 120 وێستگەی دەنگدان پێکدێت، بۆ دەنگدانی ئاوارەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکرێتەوە.
وابڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق (بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت و لەو هەڵبژاردنەدا، 23 ملیۆن و 367 ههزار و 81 كهس مافی دهنگدانیان ههیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراق بە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەواوە، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 7765 بنکەی دهنگدان کە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه ژمارهیان 214 هەزار و 595 کارمەندە.
لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە (12)ـی ساڵی 2018، زۆرترین کورسی لە بەغدای پایتەختە بە 49 کورسی و دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە 26 کورست و پارێزگای بەسرەش 22 کورسی هەیە. بەشێوەیەک، کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی هەر 15 پارێزگاکە بریتییە لە 275 کورسی و 75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان.