لە هەولێر پەردە لەسەر وێنەی حەوت شەهیدی داستانی پردێ لادرا

K24 - هەولێر:
شەش ساڵ بەسەر داستانی پردێ تێدەپەڕێت كاتێك پێشمەرگە رێگەی لە پەلاماری ھێزەكانی عێراق گرت ھێرش بكەنە سەر خاكی ھەرێمی كوردستان، ھەر بەو بۆنەشەوە لەسەر رێگەی پردێ-ھەولێر پەردە لەسەر وێنەی حەوت شەھیدی داستانەكە لادرا و كەس و كارەكانیشیان كە ئامادەی رێورەسمەكەبوون شانازی بە شەھیدەكانیانەوە دەكەن و دەڵێن "شانازی بە خوێنی شەھیدانمانەوە دەكەین كە لە پێناو پاراستنی كوردستان رشتوویانە".
لەسەر رێگەی پردێ - ھەولێر پەردە لەسەر وێنەی حەوت شەھیدی داستانێ پردێ لادرا، بێریڤان فەیسەڵ، هاوسەری شەهید محەمەد، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "رۆژێک پێش شەهیدبوونی هاوسەرەکەم بە تەلەفۆن قسەمانکرد و لە تەندروستی منداڵەکانی پرسی، بۆ رۆژی دواتر کاتژمێر 10ـی بەیانی پەیوەندییم پێوەکرد و وەڵامی نەبوو، دواتر پێیان راگەیاندین کە شەهید کراوە".
ناوبراو باسی لەوەکرد، خۆی و منداڵەکانی زۆر شانازی پێوە دەکەن کە لە پێناو بەرگریکردن لە خاکی کوردستان و ئاڵای کوردستان شەهید کراوە.
لەلایەکی دیکەوە وەک وەفایەک بۆ خوێنی حەوت شەهیدەکەی داستانی پردێ حەوت نەمام بۆ گیانی پاکییان داچێندرا، خوێنی ئەم پێشمەرگانە بوو بە هەوێنی بەرخودان و ئازایەتی و خۆ رادەستنەكردن، لەلایەن خۆیەوە فاتیمە مەولوود، دایکی یەکێک لە شەهیدەکان بە کوردستان24ـی گوت: بە کوڕەکەم گوت دۆخەکە زۆر مەترسیدارە بە گوێی دایکی خۆت بکە بگەڕێوە بۆ ماڵەوە، ئەویش لە وەلامدا بە منی گوت، "دایە گیان هەرگیز سەنگەری بەرگریکردن لە خاکی کوردستان چۆڵ ناکەم و ناگەڕێمەوە ماڵەوە، ئیلا گەر تەرمەکەم بێتەوە ماڵەوە".
هاوکات گوتیشی: "کوڕەکم زۆر ئازا و بەجەرگ بوو، هەروەک شێر بوو، سڵی لە هیچ شتێک نەدەکردەوە، کوڕەکەم لەپێناو خاکی کوردستان شەهید بووە من زۆر شانازی پێوەدەکەم".
داستانی پردێ بووەتە سمبووڵی رۆژى بهرگرى و سهربڵندی و خۆنەچەماندن، لەوێدا شکست بە پلانی دووژمنانی هەرێمی کوردستان هێنرا و، پەیامێکیش بوو بۆ جیهان کە هەرێمی کوردستان تاوەکو خاوەنی پێشمەرگە بێت هەرگیز ناکەوێت.
شەش ساڵ بەسەر داستانی پردێ تێدەپەڕێت کە لای هاووڵاتییانی باشووری کوردستان بە داستانی " ئەبرامز شکێنەکان" ناسراوە، کە لەو رۆژەدا، هێزی پێشمەرگەی كوردستان رێگەیان نەدا، هێزە عێراقییەکان کە بە چەكی نوێ و پێشكەوتووەوە بەرەو شاری هەولێر پێشڕەوی دەکرد، زیاتر خاکی کوردستان داگیربکات.