سیروان محەممەد: تەمەنەکانی 15 بۆ 24 ساڵی سەدا 20ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت

K24 – هەولێر:
سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، 26 ساڵە لە عێراق سەرژمێری دانیشتووان ئەنجامنەدراوە، دوایین هەوڵیش بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری ساڵی 2009 بوو کە بە هۆکاری سیاسی رێگریکرا لە ئەنجامدانی، لەبارەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان گوتی: پێشبینی دەکەین تا کۆتایی ساڵی 2023 ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بگاتە شەش ملیۆن و 550 هەزار کەس جگە لە ئاوارەکان.
سیروان محەممەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24؛ رایگەیاند، دووایین هەوڵ بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتووان لە عێراق ساڵی 2009 بوو، بەڵام بەهۆکاری سیاسی رێگری کرا لە جێبەجیکردنی، دوو لایەن هەبوون لە پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکووک کە ویستیان ئەو دوو پارێزگایە سەرژمێری تێدا نەکرێت، بۆ ئەوەی قەبارەی کورد لەو دوو پارێزگایە دەرنەکەوێت، هەروەها ئەگەر ژمارەی کورد لەو دوو پارێزگایە ئاشکرا بکرێت لە رووی سیاسییەوە کاریگەری دەبێت لەسەر ئەو قسانەی بەرپرسە عەرەبەکان کە دەیانگوت ئێمە زۆرینەین لەو پارێزگایانە.
سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، لە عێراق دوواییین جار کە سەرژمێری کرا ساڵی 1997 بوو، هەروەها سەرژمێریکردن بریتیە لە، ژماردنی تەواوی دانیشتووانی وڵات و بە ئاوارە و بیانییەکانیشەوە کە لەو وڵاتەدا نیشتەجێنە، هاوکات لە سەرژمێرکردنەکە وردەکاری تەواو لەسەر دانیشتوان دەرخرێتەروو و رەوشی ئابووریشیان تێدا باس دەکرێت.
سیروان محەممەد، باسی لە ئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی سەرژمێری کرد و گوتی: عێراق ژێرخانەیەکی ئابووری بەهێزی نییە بۆ ئەوەی سیستەمی سەرژمێریکردن بکات بە ئەلیکترۆنی هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو.
سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، لەبارەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان باس لەوەکرد، پێشبینی دەکان تا ساڵی 2040 ژمارەی دانیشتوان لە هەرێمی کوردستان بگاتە هەشت ملیۆن و 800 هەزار کەس جگە لە ئاوارە و پەنابەر کە نزیکەی 900 هەزار ئاوارە هەیە لە هەرێمی کوردستان، هەروەها پێشبینی دەکەات تا کۆتایی ساڵی 2023 ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بگاتە شەش ملیۆن و 550 هەزار کەس، جگە لە ئاوارەکان.
ناوبراو گوتیشی: رێژەی گەشەی دانیشتوان لە هەرێمی کوردستان بەبەراورد بە عێراق کەمترە، رێژەی گەشەی دانیشتوانی عێراق ساڵانە 2.5%، بەڵام لە بەرامبەردا هی هەرێمی کوردستان رێژەی گەشەی دانیشتووانی ساڵانە 2%، هەروەها ساڵانی داهاتوو گەشەی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان لە رێژەی 2%ـیش کەمتر دەبێت.
سیروان محەممەد، ئەوەشی خستەڕوو، گرووپی تەمەنی 15 بۆ 24 ساڵی رێژەی ئەم گرووپە نزیکەی 20% لە دانیشتووانی کۆمەڵگەی کوردی پێکدەهێنێت، بەڵام لە رووی ئابووریەوە تەمەنی 15 بۆ 64 ساڵی چالاکن کە رێژەی 61%ـی کۆمەڵگە پێکدەهێنن، هەروەها لە ساڵی 2040 پێشبینی دەکرێت ئەو رێژەیە دەگاتە 65%، روونیکردەوە، ئەگەر بتوانن ئەو گرووپە تەمەنە سوودیان لێوەربگرێت و بازاڕی کاریان بۆ دابین بکرێت هەرێمەکە لە رووی ئابوورییەوە زۆر بەرەو پێش دەخەن، ئێستا لە کابینەی نۆیەمدا هەوڵدەدرێت ئەو بابەتە یەکلایی بکرێتەوە.
سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، لە رووی ژمارەی نێر و مێ لە هەرێمی کوردستان، گوتی: رەگەزی مێ لە هەرێمی کوردستان 49.5%ـی دانیشتووان پێکدەهێنێت، هەروەها رەگەزی نێر 51.5%ـی دانیشتووان پێکدەهێنێت، ئەو رێژەیەش تا 20 ساڵی دیکە گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا نایەت.
ساڵی 1997 دوایین سەرژمێری بوو لە عێراقدا ئەنجامدراوە و بەپێی ئامارەکانیش ئێستا 42 ملیۆن هاووڵاتی لە عێراقدا دەژین بەڵام بەهۆی ئەنجامنەدانی سەرژمێرییەوە، تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی تەواو بەردەست نییە.
یەکێکی دیکەش لەو کێشانەی رووبەڕووی پرۆسەی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی بووەتەوە لە چەند ساڵی رابردوو، بریتییە لە سەرژمێریکردن لەسەر بنەمای نەتەوە و ئایین کە یەکێکە لە داواکارییەکانی کورد بەتایبەتی لەناوچە جێناکۆکەکان بە ئامانجی یەکلاییکردنەوەی ماددەی 140ـی دەستوور، کە لە بەرامبەردا هەوڵێک هەبووە لە بەغدا بۆ رەتکردنەوەی ئەو کارە.