رۆژنامەنووسێکى کورد لە فەرەنسا رۆمانێک بە زمانی عەرەبی بڵاودەکاتەوە

بەرگی رۆمانەکە
بەرگی رۆمانەکە

K24 - هەولێر:

رۆمانی (عاشق مضطرب نفسيا) "عاشقێکی دەروون نەخۆش" لە نووسینی رۆژنامەنووس و نووسەری کورد کارزان حەمید، لەلایەن دامەزراوەى ئۆستن ماکۆلی پابلیشەر بە زمانی عەرەبی چاپ دەکرێت و دەکەوێتە بەر دیدی خوێنەران.

بڕیارە رۆمانی (عاشقێکی دەروون نەخۆش) لەکۆتایی ئەم مانگە لەلایەن دامەزراوەى ئۆستن ماکۆلی پابلیشەرەوە بکەوێتە بەر دیدی خوێنەران و لە زۆرینەی کتێبخانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابەش بکرێت.

سەبارەت بە هۆکاری نووسینی ئەم رۆمانە، رۆژنامەنووس کارزان حەمید بە کوردستان24ـی راگەیاند، تاکە کەسێک بووە هۆى ئەوەی رۆمانەکە بەمشێوەیە بنووسم، چونکە ساڵانێک بوو کارم لەسەر ئەوە دەکرد رۆمانێک بنووسم، بەڵام کێشەم لەوێوە دەستی پێکرد، چۆن و کەی و لەسەر چی بینووسم.

لەبارەی ئەو کەسەی کە بووەتە هاندەری نووسینی رۆمانەکە، کارزان باسی لەوەکرد، ئەو کەسە وەک کلیلی ئەم رۆمانەی لێهات زۆربەى دەرگاکانى بۆ کردووەتەوە و، توانیویەتی زۆر بە ئاسانی دەست بە نووسینەوەیان بکات و، لە ماوەی چەند مانگێکدا کۆتاییان پێ بهێنت.

گوتیشی: ئەگەر لەیەکەم رۆژى نووسینی ئەم رۆمانە تا ئەو رۆژەى کۆتایی پێهات تەنها حەوت مانگی پێچوو، بەڵام پێداچوونەوە و، هەڵەى رێنووسی و زمانەوانى ماوەیەکى زۆری پێویست بوو. رۆمانەکە کۆمەڵێک دەقی تێدایە کە رەخنەیی ئایینى لەخۆ دەگرن و، ئەم دەقانە لەلایەن خانەى بڵاوکردنەوە پێشنیاری پێداچوونەوە یاخود گۆڕینی وشەکانی بۆ کراوە.

رۆمانەکە لە ژیانی راستەقینەی کەسێکەوە وەرگیراوە یان تەواوی ناوەڕۆکەکەی لە ئەندێشەی نووسەرەوە هاتووە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا، نووسەر دەڵێت: بەشێکی پەیوەندیی بەژیانى کەسایەتى خۆمەوە هەیە و، بەشێکى دیکەش باسی ژیانى بەشێکى زۆری ئەو کەسانەیە کە لەنێو کوردستان و فەرەنسا ناسیومن، بەشێکىشی پەیوەندی بە جیاوازییە کولتوورییەکانى هەردوو وڵات هەیە.

ئاماژەی بەوەشدا، بەشێک لە رۆمانەکە پەیامە فەلسەفى و رێساکانى ژیان لەخۆ دەگرێت، بەتایبەت لەپرسی خۆشەویستى شکستخوارد، کە زۆربەى گەنجەکان رووبەروویان دەبێتەوە و، کاریگەرییەکى نەرێنی لەسەر دەروونیان دروست دەکات، گوتیشی: ئەمەش وایلیکردم لەو رۆمانە بەشێوەیەکى جددی باسى بکەم و، وەڵامدانەوەکەشم بۆ خودی خوێنەر جێهێشتووە.

بە گوتەى ئەو نووسەرە، رۆمانەکە تێڕوانینی پەنابەرێکە کە لەمیانی کۆچکردنی بەرەو نادیار، لەنێوان ژیانى رابردوو و نوێی، ململانێیەکی دەروونى دێتە ئاراوە و، نازانێت خۆی بۆ کامە ژیان یەکلایی بکاتەوە".

کارزان حەمید، ساڵانێکی زۆرە کاری رۆژنامەوانی و میدیایی دەکات و ئێستا لە وڵاتی فەرەنسا نیشتەجێیە.