پارێزگاری هەولێر: ئومێد دەکەین لە زووترین کاتدا لێکۆڵینەوە لە شەڕە تەقەکەی چیای قەرەچووغ بکرێت
K24 - هەولێر:
پارێزگارى هەولێرە لەبارەی شەڕە تەقەکەی دوێنێی چیای قەرەچووغ کە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی دروست بوو راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوایکرد، لە زووترین کاتدا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی چیای قەرەچووغ بکرێت.
لە راگەیەندراوەکەی پارێزگاری هەولێردا هاتووە، بەداخەوە دوێنێ یەکشەممە 2023.10.22، رووداوێکی ناخۆش لە ناوچەی مەخموورى سنوورى پارێزگاکەمان بەهۆی هەڵە تێگەیشتن لە یەکێک لە خاڵە سەربازییەکان لە چیای قەرەچووغ روویدا و لە ئەنجامدا شەڕە تەقە لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لێکەوتەوە و هەریەک لە "عەقید کاکە جەوهەر قەهار" و "هاوڕێ جەوهەر" شەهید بوون و ژمارەیەکى ترى پێشمەرگەش برینداربوون.
پارێزگاری هەولێر بەبۆنەی شەهیدبوونی ئەو دوو پێشمەرگەیەوە رایگەیاند: پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکار و بنەماڵەی شەهیدان دەکەین و خۆمان بە هاوبەشى خەمیان دەزانین و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین، ئومێد دەکەین لە زووترین کاتدا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکرێت بۆ دیاریکردنی هۆکارەکان و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 22/10/2023، بەهۆی هەڵە تێگەیشتنێک لە یەکێک لە خاڵە سەربازییەکان شەڕە تەقە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە چیای قەرەچووغ روویداوە، شەڕەکە بۆ ماوەی چەند خولەکێک بەردەوام بوو، دواتر دۆخەکە کۆنتڕۆڵکرا.
ئەم شەڕە دوای ئەوە هات کە رۆژی 19ـی تشرینی یەکەمی 2023، پەکەکە چەکدارەکانی خۆی لە خاڵە سەربازییەکانی چیای قەرەچووغ و دەوروبەری کەمپی مەخموور کشاندەوە و سوپای عێراقیش جێگەی گرتنەوە.
ئەو هێزەی کە چووەتە شوێنی چەکدارانی پەکەکە فیرقەی 14ـی سوپای عێراقن و ئاڵای عێراقیان لەو ناوچەیە هەڵکردووە.
پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی مەخموور بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، ئەو ناوچەیەی رادەستی هێزە عێراقییەکان کراوە، دەبوو بە لیوای هاوبەشی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە پڕبکرێتەوە، بەڵام ئێستا بە تەواوی لە دەستی هێزە عێراقییەکانە و ئەمەش لە داهاتوودا کێشە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دروست دەکات.