ئازاد بایز: بەبێ فەرمانی دادوەر دەزگایەکی ئەمنی یەکێتی دەستگیری کردم

K24 - هەولێر:

رۆژنامەنووس ئازاد بایز رایگەیاند، دەزگایەکی ئەمنی یەکێتی لە چەمچەماڵ بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیریان کردووە و دوای 23 رۆژ بە ئازادیان کردووە.

ئازاد بایز لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رۆژی 11ـی ئەیلوول لەلایەن دەزگایەکی ئەمنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە قەزای چەمچەماڵ دەستبەسەر کراوە، سەرەتا بۆ یەک کاتژمێر و نیو لە ئاسایشی رۆژئاوای چەمچەماڵ هێشتوویانەتەوە و دواتر رەوانەی دژەتیرۆری سلێمانی کراوە.

گوتیشی: هەندێک تۆمەتی ساختەم بۆ دروست کراوە، کە گوایە بە ناوی خوازراوەوە هەڕەشەم لە خەڵک و لە هونەرمەند کردووە.

ئاماژەی بەوەشدا، لەدوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە بێتاوانە و دادوەر رێگەی داوە بە دەستەبەری ملیۆنێک دینار ئازاد بکرێت تا رۆژی دادگایی.

ئازاد بایز جگە لە کاری رۆژنامەوانی، فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانییە و سەبارەت بە رۆژی دەستگیرکردنەکەی باسی لەوەکرد، کە لەکاتی ئەرکەکەیدا و بەبێ بوونی فەرمانی دادوەر دەستگیرکراوە و دوای هەفتەیەک کەسوکارەکەی ئاگادار کراونەتەوە.

دەربارەی هۆکاری دەستگیرکردنی لەلایەن ئەو دەزگا ئەمنییەی یەکێتییەوە، گوتی: هۆکارەکەی شاردنەوە و ترساندنی دەنگی ئازاد و رۆژنامەنووسانە.

Fly Erbil Advertisment