پشتیوان سادق: زانایانی کوردستان رۆڵێکی زۆر گەورەیان هەبووە لە مێژووی ئیسلامدا

K24 - هەولێر
ئەمڕۆ دووشەممە، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی سنووری پارێزگای دهۆک کۆبووەوە و وتارێکی پێشکەشکرد. پشتیوان سادق جەختی لەوە کردەوە، زانایانی کوردستان رۆڵێکی زۆر گەورەیان هەبووە لە مێژووی ئیسلامدا و نابێت ئێستا هەندێک لایەنی دیکە موزایدە بە ئایینەوە بکەن.
پشتیوان سادق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتیشی: "زانایانی کوردستان رۆڵێکی زۆر گەورەیان هەبووە لە شارستانییەت و مێژووی ئیسلامدا. ئایا ئەوانەی ئەمڕۆ موزایدە دەفرۆشن، ئامادەبوون بە تیرۆریستانی داعش بڵێن تیرۆریست؟ ئایا ئامادەبوون بە یەک پیکاب خۆراکیش، هاوکاری پێشمەرگەکانمان بکەن لە سەنگەرەکان کە ئەوکاتی زۆربەیان مووچەشیان وەکو پێویست نەبوو. بێگومان ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خوێن بەرگریی لە ئایین دەکەین و بە خوێن بەرگریی لە خاکی خۆمان دەکەین".
ڕاشیگەیاند: "ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو کاتێک بڕوامان وابووە ئەگەر کوردستان بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش یان بکەوێتە دەست خەڵکانی تائیفی کە ئەمڕۆ دەیانەوێت بە شێوەیەک لە شێوەکان حوکمی خۆیان بەسەر ئێمە بسەپێنن، بێگومان ئەو کات نە کەرامەت و عیززەتمان دەمێنێت، نە ئایین و دینداریشمان دەمینێت. عەرەبی سووننە هەزار ساڵ حوکمی عێراقی کردووە، لە دوای خیلافەتی ڕاشیدەینەوە تا دەگاتە دامەزراندنی حکومەتی عێراق، ئێستا کە حوکمی عەرەبی سووننە لە عێراق نەماوە، سەیری مووسڵ بکەن لە چ دۆخێکدایە؟ ئەگەر ئەم کوردستانە نەبێت، ئەوەی هەشیانە نامێنێت".
وەزیری ئەوقاف جەخت لەوە دەکاتەوە، "پێش هەموو شتێک دەبێت ئێمە خەمی خاک و وڵاتی خۆمانمان بێت. خەمی پاراستنی کوردستانمان بێت لەبەر ئەوەی کێشەی ئێمە، کێشەی ئایین نییە، ئەو وڵاتانەی کە ستەمیش لە کوردستان دەکەن بە حیساب وڵاتی ئیسلامینە کە ریفراندۆممان کرد بچووکترین مافی ئێمە بوو، بەڵام ئەو کاربەدەستدانە نە بە مافی مرۆڤ و نە بە ئایەت و فەرموودە پیرۆزەکانیش مامەڵە لەگەڵ دۆزی کورد دەکەن".