جه‌نه‌راڵ دانفۆرد: كه‌ بارزانی ده‌بینم له‌ ئازادكردنی موسڵ و شكاندنی داعش نزیكتر ده‌بمه‌وه‌

بارزانی له‌ وورده‌كاریی پلانی هاوپه‌یمانان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی هاوبه‌شی سوپای ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند" هه‌ر جارێك كه‌ "سه‌رۆك بارزانی" ده‌بینێت و له‌گه‌ڵیدا كۆده‌بێته‌وه‌، له‌ ئازادكردنی موسڵ و تێكشكاندنی داعش نزیكتر ده‌بێته‌وه‌ و حه‌ما‌سه‌ت و پێگیری بۆ له‌ناوبردنی داعش زیاتر ده‌بێت.

جه‌نه‌راڵ "جۆزێف دانفۆرد" له‌ میانی دیدارێكدا له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئێواره‌ی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 31/7/2016  ئه‌م قسانه‌ی كردووه‌، له‌وكاته‌ی، بارزانی پێشوازی لە جەنەڕاڵ جۆزێف دانفۆرد سەرۆكی دەستەی ئەركانی ھاوبەشی سوپای ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكھاتبوو لە ستیوارت جۆنز بالیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و جەنەڕاڵ "ماكفارلاند" فەرماندەی ھێزەكانی ھاوپەیمانان لە عێراق و "كێن گڕۆس" كۆنسۆڵی ئەمەریكا لە ھەولێر و ژمارەیەك لە فەرماندە و ڕاوێژكارانی سوپای ئەمەریكا.

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی هاوبه‌شی سوپای ئه‌مریكا، لە وتەیەكدا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی لە وردەكاری پڵانی وڵاتەكەی و ھاوپەیمانان بۆ تێكشكاندنی داعش لە عێراق و سووریا ئاگادار كردەوە و ئەوەی دووپاتكردەوە كە ئەمەریكا بەردەوام دەبێ لە پشتیوانیكردنی پێشمەرگە و ئاماژەیشی بەوەدا كە بەلای وڵاتانی ھاوپەیمان، پلانی ئازادكردنی موسڵ بە بێ بەشداریی سەرۆك بارزانی و ھێزی پێشمەرگەی كوردستان سەركەوتو نابێت.

لەبەرانبەردا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، رۆشنایی خستەسەر ئازادكردنی شاری موسڵ و شوێنەكانی تری پارێزگای نەینەوا و جەختی لەوە كردەوە گرینگتر لە ئازادكردنی شاری موسڵ لەڕووی سەربازی، بوونی پلانی سیاسییە بۆ قۆناخی دوای داعش و بەڕێوەبردنی شاری موسڵ ئەوەیش لە پێناو گەرەنتیكردنی ئاسودەیی پێكھاتەكان و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی كارەساتی تر.

ھەر لەم كۆبوونەوەیدا بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی رووبەرووبوونەوەی تیرۆریستان و دوایین سەركەوتن و پێشھاتەكان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و ھەماھەنگیی نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزی ھاوپەیمانان و ھێزەكانی عێراقی تاوتوێ كرا.

لەم كۆبونەوەوەیدا ژمارەیەك لە بەرپرسە سەربازی و ئەمنی و سیاسییە بالاكانی ھەرێمی كوردستان ئامادە بوون.