رێوڕەسمێکی هونەری بە درووشمی ژن و ژیان و دووانەی بەردەوامی لە هەولێر سازکرا

K24 – هەولێر:
وەک رێزگرتن لە رۆڵی ئافرەتانی کورد لە بوارەکانی شانۆ و میوزیک و فیلم و شێوەکاری و شیعردا، رێوڕەسمێکی شایستە لە هۆڵی چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر بە درووشمی ژن و ژیان و دووانەی بەردەوامی بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای مەڕاسیمەکەدا کە بەدرووشمی ژن و ژیان و دووانەی بەردەوامی سازکرابوو، شانۆگەرییەک پێشکەشکرا، کە بریتی بوو لە نیشاندانی ئازاری ژن بوون لە نێو شانۆ و کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی دا، کە سەرجەم بەشداربووانی شانۆنامەکە کچ بوون.
پاشان پارچە میوزیکێک بە دەفێکی عیرفانی پێشکەشکرا و لەگەڵ سۆڵۆی میوزیکیشدا زنجیرەیەک وتار لە لایەن پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر خوێندرایەوە.
فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، رێکخستنی ئەم مەڕاسیمە رێزگرتنە لە داهێنانی ئەو هونەرمەند و شاعیرە ئافرەتانەی کە ساڵانێکی زۆرە بوێرانە هەوڵ بۆ گەشەسەندنی هونەر و دنیای وشە و جوانی دەدەن و سڵ ناکەنەوە لە پێشکەش کردنی پڕۆژەی ناوازەدا، هاوکات بوونەتە هیوایەک بۆ پێشکەوتنی هونەر لە کوردستان و لە گشت پرسە نیشتمانیەکانیشدا لەگەڵ ئێمە بەشداربوونە بە شانۆ و میوزیک و تابلۆ رەنگینەکانیان و دەیان بابەتیان لەسەر پرسی ئافرەتاندا بە دیکۆمێنت کردووە و بوونەتە گەنجینەیەکی دەوڵەمەند لە داهێنان و هونەردا. گوتیشی: بۆیە بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەر و بەڕێوەبەرایەتی چالاکیی قوتابخانەکانی هەولێر ئەم چالاکییە هونەرییە ئەنجامدا و تێیدا رێز لە داهێنانیان دەگرێت.
لە کۆتایی رێوڕەسمەکەشدا بڕوانامەی رێزلێنان بەخشرایە دەستەیەک لەو ئافرەتانەی کە رۆڵی بەرچاویان بینیووە لە کۆڕی شیعر و ئاواز و فیلم و تابلۆدا.