پاتریارکی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە رووسیا کرد

K24 - هەولێر:

پاتریارکی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیا کرد و لەگەڵ نوێنەری کاربەڕێکەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی رەوەندی کوردستانی و پێکهاتەی ئاشووری لە رووسیا گفتوگۆیان کرد.

ئه‌مڕۆ چوارشەممە (25ـی تشرینی یەکەمی 2023)، پاتریارکی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری مار ئاوای سێیەم، سەردانی باڵیۆزخانەی عێراقی لە رووسیا کرد، لەگەڵ تەها خەڵەف جەنابی، باڵیۆز گفتوگۆیان لە بارەی دۆخی ئێستای عێراق و پەیوەندی دۆستانەی نێوان گەلانی عێراق کرد.

هەمان ڕۆژ پاتریاکی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری لەگەڵ نوێنەری ئۆرتۆدۆکسی رووسیا و شاندی یاوەری، لە مۆسکۆی پایتەخت سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ دکتۆر دانەر ئەبوبەکر نوێنەری کاربەڕێکەری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیا کۆبووە و گفتوگۆیان لەبارەی رەوەندی کوردستانی و پێکهاتەی ئاشووری لە رووسیا و دۆستایەتی هاوبەشی نێوان نوێنەرانی پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان لە رووسیا کرد.

لەو دیدارەدا، نوێنەری کاربەڕێکەری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیا دکتۆردانەر ئەبوبەکر کتێبی یادەوەری و کورد و دیاسپۆرای پێشکەش بە پاتریارک مار ئاوای سێیەم کرد و لە بەرامبەردا پاتریارکی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری سیمبوڵی بە نرخی کڵێسای رۆژهەڵاتی ئاشووری پێشکەش بە دکتۆر دانەر ئەبوبەکر نوێنەری کاربەڕێکەری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیا کرد.

کارزان حەیدەر