فەرەنسا: ئەو تاوانبارەی بە هێلیکۆپتەر لە زیندان هەڵات سزای بەسەردا سەپێنرا
K24 - هەولێر
پێنج ساڵ لەمەوبەر تاوانبارێکی دیاری فەرەنسا بە هێلیکۆپتەر لە زیندانێکی نزیک پاریس هەڵات، بەو هۆیەوە دادگا سزای 14 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند.
تاوانبارەکە ناوی (رەزوان فاید)ـە و تەمەنی 51 ساڵە، لەگەڵ 11 کەسی دیکە لە دادگا ئامادەبوون کە گوایە ئەوانیش هاوبەشی بوونە لە هەڵاتنە دراماتیکییەکەدا.
رۆژی 1ـی تەمموزی 2018، سێ چەکدار دەستیان بەسەر هەلیکۆپتەرێکدا گرت و لە حەوشەی زیندانەکە نیشتنەوە بۆ ئەوەی فاید لە زیندان ببەنە دەرەوە، ئۆپەراسیۆنەکە تەنها چەند خولەکێکی خایاند، بەڵام هیچ کوژراو و بریندارێکی لێ نەکەوتەوە.
رۆژی چوارشەممە، دادگای پاریس دوای چەند کاتژمێرێک گفتوگۆ بڕیارەکەی دەرکرد، کە داواکاری گشتی داوای سزای 22 ساڵ زیندانی بۆ ئەو رەزوان فاید کردبوو، بەڵام پارێزەرەکەی داوای سزای پێنج بۆ هەشت ساڵ زیندانیکردنی کرد.
فاید، کە لە رابردوودا چەندین سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرابوو، کە سێ مانگ دوای هەڵاتبوو، لە نزیک پاریس دەستگیرکرا.
فاید لە ساڵی 2010، بەهۆی دزییەکی چەکدارییەوە، سزای 25 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، کە ژنێکی پۆلیس لەو کردەیەدا کوژرا، هەروەها سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا بەهۆی بەکارهێنانی تەقینەوە و هەڵاتنی لە ساڵی 2013.