نەتەوە یەکگرتووەکان: هیچ شوێنێکی ئارام لە غەززە نەماوە
K24 - هەولێر
نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە ئیسرائیل دەکات هێرشە ئاسمانییەکانی بۆسەر کەرتی غەززە ڕابگرێت و دەڵێت، "بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانەوە، هیچ شوێنێکی ئارام لە غەززە نەماوە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی ئۆکتۆبەری 2023، لین هاستینگەر، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی لە فەڵەستین، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئاگادارکردنەوەی دانیشتووانی باکووری غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە هیچ بەهایەکی نییە، چونکە لە ئێستادا هیچ شوێنێک لەو شارە پارێزراو نییە".
لین هاستینگەر لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا باسی لەوەشکردووە، "بەهۆی هێرشە بەردەوامییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە و کوژرانی هەزاران هاوڵاتی سڤیل؛ هیچ پەناگەیەک لە کەرتی غەززە بە ئارامی نەماوەتەوە."
نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی لە فەڵەستین ئاماژەی بەوەشدا، "بەشێک لە خەڵکی غەززە بەهۆی وێرانبوونی رێگاکان و پەککەوتنی ئامێرەکانی گواستنەوە؛ ناتوانن ناوچەکانیان بەجێبهێڵن ئەگەر ماڵەکانیانیشیان بەجێبهێڵن، هیچ جێگەیەکی ئارام نییە بۆی بڕۆن".
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی ناولێنراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند. حەماس زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ئەو وڵاتە کرد و لە رێی وشکانیشەوە هەزاران چەکداری ئەو بزووتنەوەیە چوونە نێو چەند شارێکی ئیسرائیل و شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان ئەوان و هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل روویدا. دوای هێرشەکە، سوپای ئیسرائیل بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە بە بەردەوامی بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە دەکات.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی فەڵەستین، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی ئۆکتۆبەری 2023، رایگەیاند، ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە، بۆ 7 هەزار و 18 کەس بەرزبووەتەوە و "زۆرینەی قوربانیان ژن و منداڵن".
هاوکات بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل، لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئەمڕۆ؛ بەهۆی بۆردوومان و هێرشی چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، زیاتر لە هەزار و 400 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە پێنج هەزار کەسی دیکەش بریندارن.