بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق 2023 دەستیپێکرد

هەڵبژاردن لە عێراق
هەڵبژاردن لە عێراق

K24 – هەولێر:

دوای تەواوکردنی رێکارەکان لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە، دەرگای بانگەشەکردن بۆ لیست و کاندیدەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کرایەوە، کە لە 15 پارێزگا بە کەرکووک و نەینەواوە لە کۆتایی ئەمساڵدا بەڕێوەدەچێت.

وابڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 23 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە (12)ـی ساڵی 2018، زۆرترین کورسی لە بەغدای پایتەختە بە 49 کورسی و دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە 26 کورسی و پارێزگای بەسرەش 22 کورسی هەیە و پارێزگای کەرکووکیش 15 کورسی هەیە. بەشێوەیەک، کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی هەر 15 پارێزگاکە بریتییە لە 275 کورسی و 75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان.

رۆژی شەممە (16ـی ئەیلوولی 2023)، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، تیروپشکی بۆ دیاریکردنی ژمارەی لیستی هاوپەیمانی و پارت و کاندیدە سەربەخۆکان ئەنجامدا و دوای تەواوبوونی پرۆسەی پێداچوونەوە و وردبینی بۆ کاندیدە بەشداربووەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیش، لە رۆژی هەینی (27ـی تشرینی یەکەمی 2023) کاندید و لیستە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن، بە فەرمی دەستیان بە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن کرد.

رۆژی هەینی (20ـی تشرینی یەکەمی 2023) عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە 300 کاندید بێبەشکراون له ‌به‌شداریكردن له ‌پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان، بەشێوەیەک 197 کاندید بۆ رێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەری و 102 کاندیدیش بەهۆی بوونی تاوان لە تۆمارەکانیان دوورخراوەنەتەوە، هەروەها کاندیدێکش بەهۆی ئەندامبوونی لە ئاسایشی نیشتمانی و کاندیدێکیش بە تۆمەتی تیرۆر، کاندیدێکیش بەهۆی رێکارەکانی دەستپاکی و و 19 کاندیدی دیکەش بەهۆی بەرجەستەنەبوونی مەرجەکانی کاندیدبوون دوورخراوەنەتەوە.

ئەوەی تایبەتیشە بە کەرکووک، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکووک بەتایبەتی لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر کە گۆڕانکارییەکی گەورە لە رووی کارگێری و سیاسییەوە بەسەر شارەکەدا هاتووە و کورد وەک نەتەوەی زۆرینە و دەنگی یەکەمی دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە 2005 ئەنجامدرا، پەراوێزخراوە و زۆرترین پۆستە کارگێرییەکانی لێوەرگیراوەتەوە، بەتایبەتی پۆستی پارێزگاری شارەکە کە ئێستا لەلایەن عەرەبێکەوە بەڕێوەدەبرێت و سەپێندراوە بەسەر کەرکووک.

لە پارێزگای کەرکووک ژمارەیەک هاوپەیمانی کێبڕكێ دەکەن لەسەر 15 کورسیی ئەنجوومەنەکە و کورد بۆ ئەم هەڵبژاردنە، بە چەند لیست و هاوپەیمانییەکی جیاواز بەشداری دەکات، جگەلە لیستی پارتیش، یەکێتی و حزبی شیوعی هاوپەیمانیەتییەکیان بەناوی هاوپەیمانی (کەرکووک، هێز و ئیرادەمانە) دروستکردووە، هەروەها یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری هاوپەیمانیەتییەکیان بەناوی هاوپەیمانی (مەشخەڵی کەرکووک) دروستکردووە، نەوەی نوێش بەجیا بەشداری دەکات.

لە هەڵبژاردنەکانی 2005ـدا، لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە کەرکووک بە لیستی برایەتی كەركووك، بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرد و 26 کورسییان لە کۆی 41 کورسی ئەنجوومەنەکە بەدەستهێنا وەک لیستی یەکەم لە کەرکووک.

هاوکات لایەنە شیعەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە سێ هاوپەیمانی بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن، کە ئەوانیش بریتین لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی (کە لەگەڵ لیستی نەهجی نیشتمانی هاوپەیمانی کردووە کە نوێنەرایەتی پارتی فەزیڵەی عێراقی دەکات)، هاوپەیمانی بونیاددەنێین کە هادی عامری سەرۆکایەتی دەکات (بە لیستی هاوپەیمانی هێز و لایەنەکانی حەشدی شەعبی ناسراوە و نوێنەرایەتی هەموو گرووپە چەکدارییە شیعییەکانی نزیک لە ئێرانی لەخۆگرتووە) و هاوپەیمانی هێزی دەوڵەت کە لە رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم و هاوپەیمانی نەسڕ بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی پێکدێت.