تەرمی ئەکتەرێکی هۆلیوود لەنێو بانیۆی ماڵەکەیدا دۆزرایەوە

K24 - هەولێر
تەرمی ماتیۆ پێری، ئەکتەر و ئەستێرەی زنجیرەی "فڕێندز" لەنێو ماڵەکەیدا دۆزرایەوە و، تاوەکو ئێستا هۆکاری مردنەکەی ئاشکرانەبووە.
رۆژنامەی "لۆس ئەنجلۆس تایمز" ـی ئەمەریکی بڵاویکردووەتەوە، رۆژی شەممە، 28ـی ئۆکتۆبەری 2023، تەرمی ماتیۆ پێری، ئەکتەری بەناوبانگی هۆلیوود و ئەستێرەی زنجیرەی کۆمیدی "فڕێندز" کە رۆڵی کارەکتەری "چاندلەر بینگ"ـی لە زنجیرەکەدا دەبینی، لەنێو بانیۆی ماڵەکەیدا دۆزراوەتەوە.
وەکو ئەوەی هەندێک سەرچاوەی ئەمنی بە رۆژنەمەکەیان راگەیاندووە، هیچ بەڵگەیەک لە نزیک تەرمی ماتیۆ پێری تەمەن 54 ساڵ نەدۆزراوەتەوە کە ئاماژە بە "ئەگەری روودانی تاوان" بدات.
ئەکتەرە ئەمەریکییەکە ماوەی چەند ساڵێک بوو ئالوودەی دەرمانی ئازارشکێن و ماددە کحولییەکان بوو و، چەندین جار بۆ وەرگرتنی چارەسەری سەردانی پزیشکی کردووە؛ بەڵام ئەو سەرچاوە ئەمنییانە رەتیانکردووەتەوە، هیچ ماددەیەکی هۆشبەر لە نزیک بانیۆکە دۆزرابێتەوە.
زنجیرەی کۆمیدی "فڕێندز" لە نێوان ساڵانی 1994 بۆ 2004 پەخشکرا، لە 10 وەرز پێکدێت و جەماوەرێکی زۆری لەسەرتاسەری جیهان هەبوو. ماتیۆ پێری لە دوایین چاوپێکەوتنی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاندبوو، شەوانە و لەکاتی تۆمارکردنی زنجیرەکە هەستی بە دڵەڕاوکێیەکی زۆر دەکرد.
سەرچاوە: فرانس پرێس