حەماس ئامادەیی خۆی بۆ گۆڕینەوەی دیلەکان راگەیاند

K24 - هەولێر

لیواکانی عزەددین قەسام، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئامادەیە ئەو بارمتانە ئازاد بکات کە لە کاتی هێرشەکەیدا بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەردا، رفاندبوویان لە بەرامبەر ئازادکردنی هەموو زیندانییە فەڵەستینییەکان.

ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی لیواکانی عزەددین قەسام گوتی: "ئەو نرخەی کە دوژمن دەبێت بیدات بۆ ئازادکردنی ژمارەیەکی زۆر لە بارمتەکان، ئەوەیە هەموو زیندانییە فەڵەستینییەکان ئازاد بکات".

ئاماژەی بەوەشکرد، حەماس نزیکە لە گەیشتن بە رێککەوتنێک لەگەڵ ئیسرائیلدا سەبارەت بەو بارمتانەیی کە دەست بەسەرکراون، بەڵام ئیسرائیل دواکەوت.

ئاماژەی بەوەشکرد، حەماس دەتوانێت گفتوگۆ لەسەر بەشێک لە رێککەوتن لەسەر زیندانییەکان بکات، گوتیشی: "ئەگەر ئیسرائیل بیەوێت دۆسیەی زیندانییەکان بە یەکجاری کۆتایی پێ بهێنێت، ئێمە ئامادەین، ئەگەر بیەوێت رێککەوتن لەسەر بەشێک لە دۆسیەکە بکات، ئێمە هەر ئامادەین".

رۆژنامەی "کۆمێرسانت"ـی رووسی لە زاری ئەندامێکی شاندی حەماس کە بەم دواییانە سەردانی مۆسکۆی کردووە دەڵێت: بۆردومانکردنی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە 50 بارمتەی ژێر دەستی حەماسی کوشتووە.

رۆژی هەینی (20ـی تشرینی یەکەمی 2023) نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەواڵی ئازادکردنی دوو هاووڵاتی ئەمەریکی کە لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیرابوون، پشتڕاستکردەوە.

لیفشیتز شەوی 23 لەسەر 24ـی تشرینی یەکەم، لەلایەن حەماسەوە لەگەڵ ژنێکی بەساڵاچووی دیکە بە ناوی نوریت کوپەری تەمەن 80 ساڵ دوای 15 رۆژ لە بە بارمتە گرتنیان ئازاد کران، حەماسیش رایگەیاند، ئەو دوو بارمتەیە بە هۆکاری مرۆیی ئازاد کراون، چونکە "نەخۆشن".

لە بەرەبەیانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "زریانی ئەقسا"ـی ئەنجامدا و هێرشیکردە سەر ئیسرائیل، کە بەگوێرەی ئامارەکانی ئیسرائیل زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژران، لەبەرامبەردا ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کەرتی غەززە و بە چڕی بۆردومانی ئەو شارەی کرد، کە تاوەکو ئێستا هەشت هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە 10 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.  

Fly Erbil Advertisment