ئیسرائیل لە غەززە سوود لە کام سیناریۆ وەردەگرێت ... شەڕی موسڵ یان فەلووجە؟

هێرشی زەمینی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە - وێنە: AFP
هێرشی زەمینی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە - وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

لەگەڵ چڕکردنەوەی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی هێرشی زەمینی، لە ناوەندە لێکۆڵینەوە سەربازی و ستراتیژییەکان باس لە پلانەکانی سوپای ئیسرائیل دەکەن و شیکردنەوە بۆ سوودوەرگرتن لە سیناریۆکانی سوپای ئەمەریکا لە عێراق دەکەن لە هەردوو شەڕی موسڵ و فەلووجە.

بەرپرسانی ئیدارەی ئەمەریکا چەند جارێک هۆشدارییان داوەتە ئیسرائیل لە دەستپێکردنی هێرشی زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە کە شەڕێکی قورس و پڕ لە قوربانی دەبێت، لەلایەن خۆیەوە، لۆید ئۆستن، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا بە تۆڕی هەواڵی ئەی بی ئێسی ئەمەریکی راگەیاند، "هەمووان دەزانن شەڕی ناوشار زۆر قوڕسە".

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی لە بەرپرسانی ئەمەریکی گواستووەتەوە، "پێویستە ئیسرائیل لە نێوان یەکێک لە تەکتیکەکانی شەڕی ناوشار هەڵبژێرێت بۆ کۆتاییهێنان بە بزووتنەوەی حەماس لە غەززە، ئەوانیش شەڕی سوپای ئەمەریکا لە موسڵ یان فەلووجەن".

لەبارەی تەکتیکی شەڕی موسڵ، بەرپرسە سەربازییە ئەمەریکییەکان روونیان کردووەتەوە، لە گرتنەوەی شاری موسڵ و دەرکردنی چەکدارانی داعش لە شارەکە، سوپای ئەمەریکا پشتی بە بۆردومانی ئاسمانی سنووردار بەست، لەگەڵ بۆردومانکردنی ئەو شوێنانەی هێزەکانی ئۆپراسیۆنی تایبەت دیارییان دەکرد و پاشان هێزەکانی پیادە هێرشیان دەکرد.

هەروەها رۆژنامە ئەمەریکییەکە لەبارەی تەکتیکی دووەمی شەڕی ناوشار کە سوپای ئەمەریکا لە عێراق پەیڕەوی کردووە، ئاماژەی بە شەڕی فەلووجە لە ساڵی 2004 کردووە، ئەویش چوونە ناوشارە بە زرێپۆش و هێزی پیادە و رووبەڕووبوونەوەی هێزەکان و شەڕی کۆڵان بە کۆڵان.

بەرپرسە ئەمەریکییەکان جەختیان کردووەتەوە، هەردوو تەکتیکەکە زیانی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت بەڵام ئەنجامدانی هێرشی زەمینی، زیاتر بۆ هێزە پیادەکان و دانیشتووانی ناوچەکە کوشندەترە.

نیویۆرک تایمز ئاشکرای کردووە، بەرپرسانی پنتاگۆن لەو باوەڕەدان، تەکتیکی شەڕی موسڵ کە دواتر لە رەققەی سووریاش دوای 10 ساڵ لە شەڕی فەلووجە دووبارەکرایەوە، باشترین نموونەیە ئێستا ئیسرائیل سوودی لێوەربگرێت بۆ هێرشکردنە سەر غەززە.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئامارەکان لە هەردوو شەڕی موسڵ و رەققە ئەوە دەردەخەن کە ژمارەی کوژراوان لە ریزی هاووڵاتییانی مەدەنی گەورەن کە بەپێی ئەوەی ئاژانسی ئەسیۆشەیتد پرێس بڵاویکردووەتەوە، لە شەڕی موسڵ بۆ کۆتاییهێنان بە داعش، ژمارەی کوژراوانی هاووڵاتی مەدەنی لە نێوان نۆ هەزار بۆ 11 هەزار کەس بووە.

لەلایەن خۆیەوە، مایکل نایتس لە پەیمانگەی واشنتن ئاماژەی بەوەکردووە، ناکرێت شەڕی حەماس لە غەززە بە شەڕی داعش لە موسڵ بەراورد بکرێت، لە کاتێکدا، داعش تەنیا دوو ساڵی لە بەردەم بوو بۆ بەهێزکردنی بەرگری خۆی لەو شارە، بەڵام حەماس 15 ساڵە لە غەززە لە ئامادەکارییە بۆ ئەگەری شەڕی ناوشار و کۆڵان بە کۆڵان، بۆیە پێشبینی دەکات لە ئەگەری هێرشی زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە، سوپای ئیسرائیل قوربانییەکی زۆر بدات.

مایکل نایتس باسی لەوەشکردووە، حەماس تەنیا تونێلەکان وەک یەکێک لە تەکتیکەکان بۆ بەرگریکردن لە شەڕی ناوشار بەکارناهێنێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە رێگەی مینڕێژکردن و ئامادەکردنی شوێنی پارێزراوی دیکە بۆ شەڕکردن، رووبەڕووی سوپای ئیسرائیل ببێتەوە.

هاوکات سیناتۆر جاک رید، سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکان لە کۆنگرێس ئاماژەی بەوەکردووە، هێرشی زەمینی بۆ غەززە کاتێکی درێژ دەخایەنێت و دەبێت ئیسرائیل خۆی بۆ ئەو رووبەڕووبوونەوەیە ئامادە بکات، کاتێک سوپای ئەمەریکا نۆ مانگی پێویست بوو بۆ کۆتاییهێنان بە داعش لە موسڵ.

دوای ئەوەی رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.

بەگوێرەی ئاماری میدیا ئیسرائیلییەکان، تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.

لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە لەماوەی 23 رۆژی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، زیاتر لە هەشت هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون کە سێ هەزار و 342ـیان منداڵن و دوو هەزار و 62ـیان ئافرەتن و 460ـیان بە ساڵاچوون و زیاتر لە 20 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.