نەتەوە یەکگرتووەکان: 33 بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی گەیشتوونەتە کەرتی غەززە

K24 - هەولێر

بەگوێرەی راپۆرتی نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی یەکشەممە، 33 بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی لە رێگەی دەروازەی سنووری رەفەحەوە لە میسر چوونەتە ناو کەرتی غەززە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ دووشەممە، بۆردومانی چڕی ئیسرائیل بۆ سەر باکووری کەرتی غەززە بەردەوامی هەبووە، کاتێک هێزەکانی ئیسرائیل بە پاڵپشتی تانکەکان چوونەتە ناو غەززە، هەروەها میدیا فەڵەستینییەکان بڵاویان کردەوە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل ناوچەکانی نزیک نەخۆشخانەکانی ئەلشیفا و ئەلقودسیان لە شاری غەززە بۆردومان کردووە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، گەیاندنی 33 بارهەڵگرەکەی هاوکاری مرۆیی بۆ کەرتی غەززە، گەورەترین کاروانی هاوکارییە بۆ کەرتی غەززە لەو ماوەیەی دواییدا.

جەختیشی لەوە کردەوە، "رەوانەکردنی بەپەلەی سووتەمەنی بۆ کارپێکردنی ئامێرە پزیشکییەکان و دامەزراوەکانی ئاو و پاکوخاوێنی زۆر پێویستە."

شەڕی غەززە لە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "زریانی ئەقسا" لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە دەستی پێکردووە، پێی ناوەتە 23هەمین رۆژی خۆی، لەکاتێکدا ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە لە رێگەی وشکانی و دەریایی و ئاسمانییەوە، کە بەهۆیەوە هەزاران کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.

ژمارەی کوژراوانی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، گەیشتە زیاتر لە حەوت هەزار و 800 کوژراو و 20 هەزار بریندار، ئەمە جگە لەوەی نزیکەی دوو هەزار کەس لە ژێر داروپەردوودا بێسەروشوێن بوون.

تا ئێستا لە ئیسرائیل زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژراون کە 310 کەسیان سەرباز بووە، حەماسیش زیاتر لە 222 ئیسرائیلی بە دیل گرتووە.