ئیسرائیل تەرمی یەکێک لە رفێندراوەکانی دەستی حەماس دەدۆزێتەوە
K24 - هەولێر
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەممە بە فەرمی رایگەیاند، کە تەرمی یەکێک لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کە کچێکی تەمەن 23 ساڵە و لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە رفێندراوە، لە هێرشەکانی سەرەتای ئەم مانگە، کوژراوە و ناسنامەکەی پشتراستکراوەتەوە.
تاوەکو ئێستا روون نییە کە تەرمەکە لە چ شوێنێک دۆزراتەوە، بە تایبەتی دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل چوونە ناو کەرتی غەززە و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیان چرترکردووەتەوە.
بەپێی بەیانامەی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، ئەو کچە "ئەشکەنجەدراوە" دوای رفاندنی و بە شەقامەکانی غەززەدا سوڕێندراوەتەوە.
ئەو رفێندراوە بەناوی شانی لووک، کچە خوێندکارێکی ئیسرائیلی-ئەڵمانی بوو، لە هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی 2023، لە کۆنسێرتێکدا لەگەل چەندین هاووڵاتی دیکەی ئیسرائیلی لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە رفێندران.
بەپێی گرتە ڤیدۆییەک کە چەند کاتژمێرێک دوای رفاندنی بڵاوکرایەوە، ئەو هاووڵاتیییە بەبێهۆشی لە دواوەی ئۆتۆمبێلێکدا دانراوە و بە چەند چەکدارێکی حەماس دەوردراوە، وەک دەردەکەوێت خەڵکی هێرش دەکەنە سەر و ئازار دەدەن.
خانەوادەکەی زوو رایانگەیاند، کە کچەکەیان لە ژیاندا ماوە و تەنها بەهۆی ئەوەی زەبرێک بەر سەری کەوتووە، لەو کاتەدا لە هۆش خۆی چووە. هەروەها داوای هاوکاری بە پەلەیان لە حکومەتی ئەڵمانیا کرد، کە کاربکات بۆ ئازادکردنی ئەو کچە لە دەستی چەکدارانی حەماس.
شانی لووک، جگە لەوەی قوتابی بووە، کاری تاتۆی کردووە و بە سەردانێک گەڕابوویەوە ئیسرائیل، بۆ ئەوەی بەشداری لەو کۆنسێرتەدا بکات، لە باشووری وڵاتەکەی.
لە بەرەبەیانی 7ی تشرینی یەکەم، چەندین چەکداری حەماس، لە رێگەی پاراگلایدەرەوە لە ئاسمانەوە هەڵدەکووتنە سەر ئاهەنگەکە. بەرپرسانی ئیسرائیل رایانگەیاند کە 260 تەرمیان لە شوێنی ئاهەنگەکە دۆزیوەتەوە دواتر کە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە کوژرابوون.
هێزەکانی ئیسرائیل هەر زوو لە تۆڵەی ئەو رووداوەدا، کە بە خوێناویترین هێرش بۆ سەر وڵاتەکەیان لە قەڵەمیاندا لە ماوەی 75 ساڵی رابردوودا، بەشێوەیەکی چڕ دەستیان بە هێرشی ئاسمانی کرد بۆ سەر کەرتی غەززە و تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە. بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە غەززە، لە ئەنجامی هێرشەکاندا زیاتر لە هەشت هەزار فەڵەستینی کوژراون، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.