فیلمی یەک مۆمک دوو مۆمک پاش نۆ ساڵ بۆ یەکەم جار لە هەولێر نمایشکرا
K24 - هەولێر
فیلمی "یەک مۆمک دوو مۆمک" نووسین و دەرهێنانی هونەرمەند "جانۆ رۆژبەیانی" و نواندنی ناسر حەسەن، غازی غەفوور، کوێستان خوسرەوی، ئەنوەر شێخانی، کوردۆ گەڵاڵی و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندانی کورد و بیانییە و یەکەم فیلمی کوردیشە لە سینەماکانی هۆڵیود نمایش کراوە و بووەتە خاوەنی زۆرترین خەڵات لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی نەمسا، ئەڵمانیا و فەرەنسادا.
دوایین نمایشی ئەم فیلمە کوردیە، کە بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێرە لە سەنتەری ئاڵا بۆ پەرەپێدانی رۆشنبیری و هونەری سینەما بوو، کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئارەزوومەندانی سینەما نمایشکرا، پاشان چەردەیەک لە هونەرمەندە بەشداربووەکانی نێو ئەو بەرهەمە سینەماییە خەڵاتی رێزلێنانیان پێبەخشرا.
شاخەوان مستەفا بەڕێوەبەری هونەری سینەمای هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند: چیرۆکە کۆمەڵایەتیەکانی نێو ئەم فیلمە سینەماییە ببووە جێی سەرنجی ئەوانەی، کە بە تامەزرۆییەوە دەڕواننە بەرهەمە کوردییەکان، بەتایبەت لە جیهانی سینەمادا، کە تا دێت رەنگ و روخساری جوانتر و باڵاتر دەبێت لەبەر چاوی خەڵکی کوردستان و بینەری دنیادا.
نمایشی ئەو فیلمەش لە چوارچێوەی نۆیەمین هەفتەی وەرزی پایزەی سینەما بوو، کە خواستێکی زۆر لەسەر بینی ئەو فیلمە هەبوو، کە نۆ ساڵە بەرهەم هێنراوە، یەکەمجارە لە سینەماکانی کوردستاندا نمایشکرا.
جێگەی باسە، ئەم فیلمە لە ساڵی 2015 بەرهەم هێنراوە و ناوەڕۆکەکەشی باس لە چیرۆکی عەشقێک دەکات، کە یەخسیری کوڕە شێوەکارێکه، بەڵام کۆمەڵگە و دانیشتووانی لادێکەیان هەزمی ئەو خۆشەویستیە پاکە ناکەن و بە لێکترازان چیرۆکەکەی بە کۆتا دێت و بگرە خۆشەویستی ئەو دوو کارەکتەرە سەرەکییە دەبێته باس و خواسی گەرمی نێو گوندنشینەکان، بۆیه بە ئازار و ئەشکەنجە و لێک دابڕان و فەنابوون کۆتایی بەو عەشقە دەهێنرێت، کە دەیان خەون و خەیاڵی جوانیان هەبوو بۆ ژیان و داهاتووی عەشقەکەیان.


