سەعدوون کاکەیی نوێترین بەرهەمی بە ناوی "جوانیی هەولێر" بڵاوکردەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2026، گۆرانیێژی دەنگخۆش سەعدوون کاکەیی لە نوێترین دەرکەوتنیدا، بەرهەمێکی نوێی نیشتمانی و پڕ لە هەستی بە شێوازی ڤیدیۆکلیپ لەژێر ناونیشانی "جوانیی هەولێر" پێشکەش بە گوێگران و هەوادارانی کرد، کە بەرهەمەکە وەک دیارییەک بۆ شاری هەولێر و خەڵکەکەی سازکراوە.

ئەم بەرهەمە نوێیە لە هۆنراوەی شاعیر نیازی بەگی هەوارییە و ئاوازەکەی لەلایەن خودی هونەرمەند سەعدوون کاکەییەوە دانراوە و وتراوە، هەروەها کاری میکس و ماستەرینگی دەنگی لەلایەن کاروان م. تەیفور ئەنجام دراوە و لە دەرهێنانی دەرهێنەر عادل ئاکرەییە.

لە رووی دەق و موزیکەوە، گۆرانییەکە پێداهەڵگوتن و وەسفێکی قووڵە بۆ پێگەی مێژوویی و هاوچەرخی پایتەختی هەرێمی کوردستان، تێیدا هەولێر وەک لانکەی شارستانیەت، کۆڵنەدان و شاری ئاشتی و خۆشەویستی وەسف دەکرێت.

هاوکات لە رووی بینراوەوە، دەرهێنەر لە کلیپەکەدا بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش و سینەمایی تێکەڵەیەکی لە نێوان رابردوو و ئێستادا دروست کردووە؛ لە لایەک دیمەنی مێژوویی قەڵا و سوارچاکانی کوردستان بەرجەستە دەکات و لە لایەکی دیکەوە پێشکەوتنی شارستانی، سیمای باڵەخانە بەرزەکان، بازاڕ، تاوەری کاتژمێر و جوانیی سروشتی کوردستان پیشانی بینەران دەدات، ئەمەش وای کردووە بەرهەمەکە پێشوازییەکی گەرمی لێ بکرێت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی هەبێت.