باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان: بۆ راگرتنی هێرشەکان گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل دەکەین

K24 - هەولێر

لیندا تۆماس گرینفێڵد، باڵیۆزی ئەمەریکا، لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە گوتارێکیدا جەختی لەسەر پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە.

تۆماس گرینفێڵد، دانی بە گیان لەدەستدانی زیاتر لە 60 کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان داناوە کە هاوکاری ئاوارە فەڵەستینییەکان بوون، لە سەرەتای شەڕەوە و دووپاتیکردەوە، پاراستنی گیانی فریاگوزاران و لەنێویشیاندا پاراستنی گیانی رۆژنامەوانان کە لەناو جەرگەی غەززەن، پێویستە لەبەرچاو بگیرێت.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتیکردەوە، پێویستە بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان وەک خۆراک، ئاو و خزمەت گوزارییە سەرەکییەکان لە غەززە، بە خێرایی بگات و ئاسانکاری بکرێت، هەروەها ئاماژەی بە راگرتنی شەڕدا گوتی: مرۆڤ کوشتن بەسە.

ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەمەریکا نیگەرانە لەو توندوتیژییەی دەکرێت، بەرامبەر هاووڵاتییانی سڤیل لە فەڵەستین، لە بەشی باشوور. گوتیشی: ئێمە ئیدانەی کوشتنی هاووڵاتییانی سڤیل دەکەین، و گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل دەکەین بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە.

باڵیۆزی ئەمەریکا دەشڵێت: نەتەوە یەکگرتووەکان و تەواوی ئەندامانی ئاسایشی نەتەوەیی بەیەکەوە هەوڵدەدەین بۆ راگرتنی ئەو قەیرانە و ئیدانەی هەڵسوکەوتەکەی حەماس دەکەین.

راشیگەیاند: نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەندی دەبێت لەگەڵ هەموو ئەندامان و لەگەڵ هەر وڵاتێکی ئەندام، و پابەند دەبن بە هاوسەنگی لە پێناو پاراستنی ناوچەکە و هەر بڕیارێکی دیپلۆماسی، کە راستەوخۆ گیانی هاووڵاتییانی غەززە بپارێزێت.

بەرەبەیانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردەسەر ئیسرائیل، کە بەگوتەی ئەو وڵاتە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژراون، لە بەرامبەردا ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی کەرتی غەززەی کرد، به‌ گوێره‌ی دوایین ئاماری ته‌ندروستی غەززە، ژماره‌ی كوژراوانی غه‌ززه‌ به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسرائیل گه‌یشته‌ 8306 كه‌س، كه‌ له‌نێو كوژراوه‌كاندا 3457 كه‌سیان منداڵن.

ئا: لاڤین عومەر