رۆژنامەیەک: ناتانیاهۆ فشار دەخاتە سەر میسر بۆ وەرگرتنی پەنابەرانی فەڵەستین

K24 - هەولێر

رۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز"ـی بەریتانی بڵاوی کردەوە، کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دەیەوێت سەرکردەکانی ئەوروپا رازیبکات بەوەی فشار لە میسر بکەن بۆ وەرگرتنی ئاوارەکانی کەرتی غەززە.

 سەرچاوەیەک بە رۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز"ـی بەریتانی راگەیاند، "پێشنیارەکەی ناتانیاهۆ لەلایەن چەند وڵاتێکەوە پێشکەش کراوە، لەوانە چیک و نەمسا، کە لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لە میانی کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا پێیان گوتووە".

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "وڵاتانی ئەوروپا، بەتایبەتی فەرەنسا و ئەڵمانیا، جگە لە بەریتانیا، ئەم پێشنیازەیان رەتکردەوە و بە "نا راستی" ناویان بردووە.

قاهیرەش ترسی خۆی دەربڕی لەوەی کە ئیسرائیل هەوڵ دەدات ئەو قەیرانە بەکاربهێنێت، بۆ سەپاندنی کێشەکانی لەگەڵ فەڵەستینییەکان بەسەر میسردا.

عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر لە سەرەتای ئەم مانگەدا رایگەیاندبوو، "وڵاتەکەی هەر هەوڵێک بۆ پاکتاوکردنی دۆزی فەڵەستین بە رێگەی سەربازی یان ئاوارەکردنی زۆرەملێی فەڵەستینییەکان رەتدەکاتەوە".

لە لوتکەی یەکێتیی ئەورووپادا، رۆڵی میسر تاوتوێ کرا، کەسانی ئاگادار لە گفتوگۆی سەرکردەکان دەڵێن: سەرکردەکان لە کۆتاییدا رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە میسر پێویستە رۆڵێکی گرنگ بگێڕێت، لە پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆییە بەرفراوانەکان بۆ کەرتی غەززە، بەڵام بەبێ ئەوەی فشاری بخرێتە سەر بۆ وەرگرتنی پەنابەرانی فەڵەستینی.

دیپلۆماتکارێکی رۆژئاوا گوتی: "ناتانیاهۆ جەختی لەوەکردەوە کە میسرییەکان لانیکەم لە کاتی ململانێکاندا دەتوانن وەکو رێگە چارە دانیشتوانی غەززە وەربگرن، بەڵام ئێمە بابەتەکەمان بە جددی وەرنەگرت، چونکە هەڵوێستی قاهیرە لە رەتکردنەوەیدا زۆر روون بوو و ئێستاش دیارە".

بەڵام دیپلۆماتکارێکی دیکە باسی لەوەکرد، "ئەو فشارەی لە ئەنجامی هێرشی بەردەوامی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دێتە ئاراوە، رەنگە ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە هەڵوێستی میسریەکاندا، بەڵام ئەمە تاکە رێگایە و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە فشارەکان زیاتر بخرێنە سەر میسرییەکان بۆ ئەوەی رازی بن بە داواکارییەکەی ناتانیاهۆ.

لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، زیاتر لە ملیۆنێک هاووڵاتی لە ناوخۆی غەززە ئاوارەبوون.

بەرەبەیانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردەسەر ئیسرائیل، کە بەگوتەی ئەو وڵاتە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژراون، لەبەرامبەردا ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی کەرتی غەززەی کرد، به‌ گوێره‌ی دوایین ئاماری ته‌ندروستی غەززە، ژماره‌ی كوژراوانی غه‌ززه‌ به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسرائیل هەشت هەزار کەسی تێپەڕاند، كه‌ له‌نێو كوژراوه‌كاندا سێ هەزار و 457 كه‌سیان منداڵن.