پۆلیڤیا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا پچڕاند

K24 - هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی بۆلیڤیا رایگەیاند، حکومەتی بۆلیڤیا بڕیاری پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا، هەروەها تۆمەتباری کرد بە ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە.

پێشتر بۆلیڤیا لە ساڵی 2009 پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل پچڕاند وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە، بەڵام لە ساڵی 2020 حکومەتی ئەو وڵاتە، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی دووبارە لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێکردەوە.

دوێنێ سێشەممە، گابرێیل بوریتش، سەرۆکی شیلی، باڵیۆزی ئیسرائیلی لە وڵاتەکەی بانگهێشت کرد بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی پێشێلکردنی یاسا مرۆیییەکان لە شەڕی غەززە، دواتر بوریتیش لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی "بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە سەربازییە دەکەین و شیلی بە نیگەرانییەوە چاودێری ئەو شەڕە دەکات".

رۆژی سێشەممە، داواکاری گشتی لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، کەریم خان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: رێگریکردن لە پێداویستییەکانی فریاگوزاری بۆ کەرتی غەززە دەبێتە تاوان، گوتیشی: پێویستە ئیسرائیل هەوڵێکی بەرچاو بدات بۆ دڵنیابوون لەوەی خەڵکی مەدەنی دەستیان بە خۆراک و دەرمان دەگات.

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممە، هێزەکانی سوپای ئیسرائیل چوونە ناو کەرتی غەززە و بەرەی باکوور و باشووریان لەیەک جیاکردەوە، بۆردومانی چڕی ئەو شارەیان کرد، هەر ئێواره‌ی دوێنێش ئیسرائیل بۆردومانی کەمپی جەبالیای لە غەززە کرد، بەهۆیەوە 400 کەس کوژران و برینداربوون و زۆرینەی قوربانییەکانیش منداڵ و ژنن.

ماوەی 26 رۆژە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستی پێکردووە، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 کەس لە ئیسرائیل کوژراون و زیاتر لە هەشت هەزار کەسیش لە کەرتی غەززە کوژراون و زیاتر لە 20 هەزار کەسیش بریندارن.