فەنزوێلا هێرشکردنە سەر کەمپێک لە غەززە ئیدانە دەکات

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی فەنزوێلا، بەتوندی ئیدانەی هێرشکردنە سەر کەمپی جەبالیە لە باشووری غەززە کرد.

ئیڤان خێل، وەزیری دەرەوەی فەنزوێلا، لە پێگەی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیكس رایگەیاند، "بەتوندی ئیدانەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی جەبالیە دەکەین، کە ئاوارەکانی فەڵەستین لێی نیشتەجێن، هاوکات دەستبەجێ داوای ئاگر بەست دەکەین".

گوتیشی: "دەبێت ئیسرائیل دەستبەجێ ئەو هێرشانە راگرێت، کە دژی هاووڵاتییانی سڤیل گرتوویەتیەبەر"، ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد، کە یاسا مرۆییەکانی پێشێلکردووە و پەیماننامەی جنێڤ بەبێ بایەخ سەیر دەکرێت لە لایەن ئەو وڵاتەوە.

رۆژی سێشەممە 31/10/2023، بەهۆی بۆردومانی کەمپی جەبالیە لە غەززە لەلایەن ئیسرائیله‌وه‌، 400 کەس کوژران و برینداربوون، کە زۆرینەی قوربانییەکان منداڵ و ژنن.

ماوه‌ی 26 رۆژه‌ جه‌نگی نێوان حه‌ماس و ئیسرائیل به‌رده‌وامه، تائێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژراون، لە بەرامبەردا ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی کەرتی غەززەی کردووه‌، به‌ گوێره‌ی دوایین ئاماری ته‌ندروستی غەززە، ژماره‌ی كوژراوانی ئه‌و شاره‌ به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسرائیل گه‌یشته‌ 8525 كه‌س، له‌نێو كوژراوه‌كاندا 3542 كه‌سیان منداڵن.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌ڵه‌ستین ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، ئیسرائیل هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر غه‌ززه‌ به‌ رێگه‌ی وشكانییه‌وه‌ فراوانتركردووه‌.‌

ئا: لاڤین عومەر