ئیسرائیل: بۆ سەرکەوتن لە شەڕی غەززە باجێکی زۆر دەدەین

.
.

K24 - هەولێر

وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، "سوپای ئیسرائیل، بۆ سەرکەوتن لە شەڕی غەززە باجێکی زۆر دەدات".

ئەمڕۆ چوارشەممە، یەکی تشرینی دووەمی 2023، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، "کوژرانی سەربازی ئیسرائیلی لە شەڕی دژ بە تیرۆر لە غەززە، سەخت و بە ئازارە. بەداخەوە، سەرکەوتنی گەورە لەناو جەرگەی غەززە باجێکی گەورە دەوێت، ئێمەش نرخی ئەو باجە دەدەین".

ئاماژە بەوەشکردووە، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە 31ی تشرینی یەکەم، 12 سەربازی ئیسرائیل کوژراون، چوار سەربازی دیکەش بەسەختی برینداربوون.

بەپێی ئامارەکانی ئیسرائیل، لە 7 ئۆکتۆبەری 2023وە تائێستا نزیکە 327 سەربازی ئیسرائیل لە شەڕی کەرتی غەززە کوژراون.

بەرەبەیانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و لە وەڵامدا ئیسرائیل بە مووشەک هێرشی کردە سەر کەرتی غەززە و دواتر هێرشی زەمینی دەستپێکرد، بەپێی ئامارەکان تائێستا زیاتر لە هەزار و 400 هاووڵاتی ئیسرائیلی کوژراون، ژماره‌ی كوژراوانی فەڵەستینییەکانیش لە کەرتی غه‌ززه‌ گه‌یشتووەتە‌ 8306 كه‌س، كه‌ له‌نێو كوژراوه‌كاندا 3457 كه‌سیان منداڵن.

ئا: لاڤین عومەر