بەهۆی زریانی سیاراوە زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە ئەوروپا بێ کارەبان

زریانی سیارا دارێکی گەورەی کەواندووە - وێنەی: AFP
زریانی سیارا دارێکی گەورەی کەواندووە - وێنەی: AFP

K24 – هەولێر:

رەشەبایەک خێراییەکەی دەگاتە 180 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، لە دوێنێ شەوەوە تا ئێستا کەنارەکانی ئەتڵەسی فەرەنسای گرتۆتەوە، ئەو زریانە تەواوی وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپای گرتووەتەوە، دارە بەرزەکان بەردەداتەوە و پەنجەرەکان دەشکێنێت، هێلی کارەبای نزیکەی 1.2 ملیۆن ماڵی لە فەرەنسای بڕیوە.

باران بەخوڕ و ڕەشەبایەکی بەهێز لە کەنارەکانی ڕۆژئاوای باشووری ئینگەلتەڕاشی دا، دەستەی پێشبینی کەشوهەوای نیشتیمانی ئەو وڵاتە هۆشداری لە دروستبوونی لافاو دا، هاوکات داوای لە هاوڵاتیان کرد هەموو رێوشوێنێکی خۆپارێزی بگرنە بەر.

کۆمپانیای فڕۆکەوانی(KLM)ـی هۆڵەندی تەواوی گەشتەکانی خۆی لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە تا کۆتایی رۆژ هەڵوەشاندەوە بەهۆی ئەو ڕەشەبا بەهێز و خێرایەی ئەوروپای گرتووەتەوە. 

کلێمنت بۆن، وەزیری گواستنەوەی فەرەنسا لەبارەی زیانەکانی ڕەشەبا و زریانی فەرەنسا، گیانلەدەستدانی شوفێری بارهەڵگرێکی وڵاتەکەی بەهۆی خۆکێشانی بە دارێکی گەورە لە ناوچەی(ئان) لە باکووری فەرەنسا راگەیاند.

لە بەرەبەیانی رۆژی پێنچ شەممە (2ـی تشرینی دووەمی 2023) دەستەی کەشناسی فەرەنسی هۆشداری دایە دانیشتووانی وڵاتەکەی، ئەوانەی لە وشکانی دەژین و ئەوانەشی کەوتوونەتە نزیک کەنارەکانی زەریای ئەتڵەسی و ئیسپانیا و دەریای سپی ناوەڕاست و کۆرسیکا لە ئاگاداری خۆیان بن.

دەستەی کەشناسی فەرەنسا رایگەیاند، "خێرایی با گەیشتۆتە 180 کیلۆمەتر لە کەنارەکانی بەریتانیا،لە کەناری نۆراماندیش خێرایی گەیشتۆتە 160 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، لە نێوخۆی فەرەنسادا خیرایی با گەیشتووەتە 150 کیلۆمەتر، پێشبینی ئەوەش دەکرێت خیرایی با لە باشووری رۆژئاوای فەرەنسا زیاتر بێت.

زۆرینەی گەشتەکانی شەمەندەفەر لە ناوچەیەکی فراوانی رۆژئاوای فەرەنسا بەهۆی رەشەباوە وەستان و هەڵوەشانەوە، تەواوی رێگاکانی ناوچەی فینیستیر لە بەریتانیا داخران، وەزیری گواستنەوەی فەرەنسا داوای لە هاووڵاتییان کرد ئۆتۆمبێل لێنەخوڕن، ئەگەر ناچاریش بوون ئۆتۆمبێل لێبخوڕن، دەبێت زۆر وریابن لەو شوێنانەی هۆشداری توند دراوە.

ئامادەکردنی/ کارزان حەیدەر

Fly Erbil Advertisment