تەندروستی فەڵەستین: لە هەر 10 خولەکێکدا منداڵێک لە غەززە دەکوژرێت

غەززە - وێنە: AFP
غەززە - وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

27 رۆژە شەڕی ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە و قوربانی سەرەکی هێرشەکان خەڵکی مەدەنی و ژن و منداڵن. وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ئامارێکی سەبارەت بە ژمارەی کوژراوان بڵاوکردووەتەوە و بەگوێرەی ئامارەکان لە هەر 10 خولەکێک منداڵێکی فەڵەستینی لە غەززە دەکوژرێت.

لە بەشێکی دیکەی ئامارەکانی وەزارەتی فەڵيستین ئاماژە بە ژمارەی کوژراوی رۆژانە دراوە، تێیدا ئاماژە بەوە دراوە، رۆژانە 370 کەس لە غەززە دەکوژرێن، لە نێو ژمارەی کوژراواندا 140 منداڵ هەن و 858 کەس بریندار دەبن.

بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە هەر کاتژمێرێک 42 بۆمب لە ئاسمانی غەززەوە فرێدەدرێتە خوارەوە و بەهۆیەوە 12 باڵەخانە وێران دەکرێن.

بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل لە هەر کاتژمێرێک لە غەززە 15 کەس دەکوژرێن، کە شەشیان منداڵن. ئەمەش واتە؛ لە هەر 10 خولەکێک منداڵێکی فەڵەستینی لە غەززە دەکوژرێت. جگە لەمە، ژمارەی برینداران لە کاتژمێرێکدا 35 کەسە.

لە بەشێکی دیکەی ئامارەکانی وەزارەتی فەڵەستین ئاماژە بە ژمارەی کوژراوانی رۆژانە دراوە، بەشێوەیەک، رۆژانە 370 کەس لە غەززە دەکوژرێن، لەنێو ژمارەی کوژراواندا 140 منداڵ هەن. هەروەها بەهۆی بۆردوومانەکانەوە رۆژانە 858 کەس لە غەززە بریندار دەبن.

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ئاشکرای کردووە، زیاتر لە 192 خێزانی فەڵەستینی 10 ئەندام یان زیاتریان لە خێزانەکەیان لە هێرشەکاندا کوژراون. بەشێوەیەک 136 خێزان شەش تا نۆ کەسیان کوژراون و 444 خێزان دوو تا پێنج ئەندامی خێزانەکەیان لەدەست داوە.

هاوکات وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، لیستی ناو و تەمەن و رەگەزی حەوت هەزار و 28 فەڵەستینی کوژراوی بڵاوکردەوە، ئەمە جگە لە سەدان کەسی دیکە. کە هێشتا ناسنامەیان نەناسراوەتەوە یاخود بێسەروشوێنن.

هەر بەگوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 73%ـی کوژراوە فەڵەستینییەکان منداڵ و ژن و کەسانی بەساڵاچوون.

جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس لە کەرتی غەززە، 27 رۆژە بەردەوامە و بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستی غەززەش، زیاتر لە نۆ هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە 32 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون. لە بەرامبەردا، زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژراون کە زیاتر لە 350 کەسیان سەربازی سوپان و زیاتر لە 200 کەسی دیکەش بە بارمتە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەر کراو.

دوای ئەوەی رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.