کۆمیسیۆن سزاکانی سەرپێچیکردن لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ئاشکرا دەکات

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق

K24 – هەولێر:

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، سزاکانی سەرپێچیکردن لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەگاتە بەندکردن و سزای پێبژاردن بە بری 50 ملیۆن دینار.

رۆژی هەینی (3ـی تشرینی دووەمی 2023) جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کۆمیسیۆن مافی لێپرسینەوەی لە هاووڵاتییان نییە، بۆیە لەمیانی چاودێریکردنی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن، دەستدرێژییەکان بۆ سەر هەڵمەتی بانگەشە کاندیدان تۆمار دەکات و ئاراستەی دەسەڵاتی دادوەری دەکات بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی.

جومانە غەلای ئاماژەی بەوەکردووە، کۆمیسیۆن دەتوانێت بەپێی رێکارەکانی سیستمی بانگەشەی هەڵبژاردن، رێکاری یاسایی بەرامبەر کاندیدێک بگرێتەبەر ئەگەر هاتوو سەرپێچی بەرامبەر کاندیدێکی دیکە بکات.

لەبارەی پێشێلکردنی سیستمی بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن روونیکردووەتەوە، سزای پێبژاردن لە 500 هەزار دینارەوە بۆ سەرپێچییەکی بچووک دەستپێدەکات، بۆ نموونە هەڵواسینی هۆکارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لەو شوێنانەی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دیارینەکراوە و دوای ئاگادارکردنەوەشی ئەگەر زیادەڕۆییەکە لانەبات، ئەوا رێکاری یاسایی لەبەرامبەر دەکرێت.

گوتەبێژەکەی کۆمیسیۆن باسی لەوەشکرد، بەگوێرەی جۆری سەرپێچی و پێشێلکارییەکان، لەوانەی بۆ تاوانی هەڵبژاردن بگۆڕدرێت و ئەوکات سزاکان بگاتە بەندکردن، یان سزای پێبژاردن بە 50 ملیۆن دینار، یاخود دوورخستنەوەی کاندید لە پرۆسەی هەڵبژاردن.

لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەیدا، جومانە غەلای باسی لەوەشکرد، بەگوێرەی رێنمایی ئیدارەی ناوخۆیی پارێزگاکان، بانگەشەکردن لە دوورگەی ناوەندی شەقامەکان، شوێنی باخچە گشتییەکان و بەکارهێنانی هێماکانی هاتووچۆ و باڵەخانە حکومییەکان و شوێنە ئایینی و شوێنەوارییەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن قەدەغەیە.

غەلای جەختی لەوەشکردەوە، تیمە مەیدانییەکانی کۆمیسیۆن بە هەماهەنگی ئیدارەی پارێزگاکان و ئەمیندارییەتی بەغدا، بەدواداچوون بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرجەم لیست و کاندیدەکان دەکات و دوای تۆمارکردنی سەرپێچییەکانیش، کۆمیسیۆن رێکاری پێویست بۆ دەرکردنی فەرمانی سزای پێبژاردن دەگرێتەبەر.

رۆژی سێشه‌ممه‌ (31ـی تشرینی یەکەمی 2023) كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگه‌یاند، ره‌زامه‌ندی داوه‌ له‌سه‌ر لیستی كۆتایی ناوی كاندیدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان و ناوه‌كانی په‌سند كردووه‌، كه‌ ژماره‌یان 5915 كاندیده‌.

لەلایەن خۆیەوە، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، رۆژی (1ـی تشرینی دووەمی 2023) بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات و هێشتا ملیۆنێک و 900 هەزار کارتی بایۆمەتری دابەشنەکراون.

وابڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 23 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە (12)ـی ساڵی 2018، زۆرترین کورسی لە بەغدای پایتەختە بە 49 کورسی و دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە 26 کورسی و پارێزگای بەسرەش 22 کورسی هەیە و پارێزگای کەرکووکیش 15 کورسی هەیە. بەشێوەیەک، کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی هەر 15 پارێزگاکە بریتییە لە 275 کورسی و 75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان.