حەماس: بەرپرسیارێتی کۆمەڵکوژییەکەی ئیسرائیل لە ئەستۆی بایدن و حکومەتەکەی دایە

K24 - هەولێر

بزووتنەوەی بەرگریی ئیسلامیی فەڵەستین (حەماس) رایگەیاند، "بەرپرسیارێتی کۆمەڵکوژییەکەی ئیسرائیل لە ئەستۆی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و حکومەتەکەی دایە.

حەماس لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەوە بەوە داوە "کە ئیسرائیل بەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە دەستکردی ئەمەریکان، هێرشی کردووەتە سەر گەڕەکی سەفتاوی لە باکووری کەرتی غەززە کە قوتابخانەیەکی تێدایە و پەنابەرانی لە خۆ گرتووە. هەروەها سوپای ئیسرائیل قوتابخانەی فەخورای لە کەمپی جەبالیا لە باکووری کەرتی غەززە کە هەزاران پەنابەری تێدایە بۆردومان کردووە".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە، "بەرپرسیارێتی بۆردومانکردنی قوتابخانەی فەخورا و کۆمەڵکوژییەکەی ئیسرائیل لە ئەستۆی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و حکومەتەکەی دایە. ئەو هێرشە دڕندانەیەی داگیرکەری ئیسرائیلی راستەوخۆ لە ئەستۆی ئەمەریکادایە و بە پشتیوانی سەرۆکی ئەمەریکا ئەنجام دەدرێت".

بەگوێرەی راگەیەندراوی حەماس، سوپای ئیسرائیل رۆژی شەممە 4/11/2023 قوتابخانەی فەخورای لە کەمپی جەبالیا لە باکووری کەرتی غەززە کە هەزاران پەنابەری تێدایە بۆردومان کردووە.

لە 7/10/2023، شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس هەڵگیرسا، لە سەرەتادا باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، لە وەڵامدا سوپای ئیسرائیل بە چڕی کەرتی غەززەی بۆردومان کرد، پاشان هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد.

بەپێی ئاماری تەندروستی لە غەززە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل ژمارەی کوژراوان لە غەززە گەیشتووەتە نۆ هەزار و 488 کەس لەنێویاندا سێ هەزار و 900یان منداڵن.