رووسیا 60 تۆن هاوکاری بۆ کەرتی غەززە دەنێرێت

K24 - هەولێر

رووسیا رایگەیاند، دوو فڕۆکەی تایبەت کە سەر بە وەزارەتی فریاکەوتنی رووسیایە، 60 تۆن هاوکاری مرۆیی، لەنێویاندا خۆراک و بەرهەمی پاککەرەوە ، دەگەیەننە دانیشتوانی کەرتی غەززە.

وەزارەتی فریاکەوتنی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "دوو فڕۆکەی تایبەت سەر بە وەزارەتەکە 60 تۆن کەلوپەلی مرۆیی دەگەیەننە دانیشتوانی کەرتی غەززە کە بریتین لە پێداویستی خۆراک، دۆشەک، بالیف، و بەرهەمی پاککەرەوە"

فڕۆکەی "ئیل-76"ـی سەر بە وەزارەتی فریاکەوتنی رووسیا، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی گرۆزن بەرەو میسر بەڕێکەوت، نوێنەرانی مانگی سووری میسر، یارمەتییە مرۆییەکانی وەرگیراو  بۆ دانیشتوانی کەرتی غەززە دەنێرن.

لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس هەڵگیرسا، لە سەرەتادا باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، لە وەڵامدا سوپای ئیسرائیل بە چڕی کەرتی غەززەی بۆردومان کرد، پاشان هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد.

بەپێی ئاماری تەندروستی لە غەززە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل ژمارەی کوژراوان لە غەززە گەیشتووەتە نۆ هەزار و 488 کەس لەنێویاندا سێ هەزار و 900یان منداڵن، هەروەه اتاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژراون.