هەزاران ئیسرائیلی خۆپیشاندانییان کرد و داوای دەستلەکارکیشانەوەی ناتانیاهۆ دەکەن

K24 - هەولێر

ئێوارەی رۆژی شەممە هەزاران ئیسرائیلی لە شاری تەلئەڤیڤ لە بنەماڵەی بارمتەکان خۆپێشاندانیان ئەنجامدا، کە لە لایەن حەماسەوە دەستگیرکراون، داوایان لە بنیامین ناتانیاهۆ کرد دەستلەکاربکێشێتەوە و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیشیان بە بەرپرسیار زانی لە گەڕاندنەوەی بارمتەکان.

خۆپیشاندەرانی بنەماڵەی بارمتە و بێسەروشوێنەکان لە بەردەم وەزارەتی بەرگری ئیسرائیلدا خۆپیشاندانییان کرد و رایگەیاند: "خانەوادەی بارمتە و بێسەروشوێنەکان ناگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان تا هەموو بارمتەکان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەشێک لە بەشداربووان لە بەردەم وەزارەتی بەرگری چادرییان هەڵدا تا وەکو بارمتەکان دەگەڕێنەوە.

هاوکات لە قودس، سەدان کەس لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆک وەزیران کۆبوونەوە و دروشمی "ئێستا دەستلەکاربکێشەوە" و "7ـی تشرینی یەکەم، بەرپرسیار و تاوانبار"یان دەوتەوە.

گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر حکومەتی ئیسرائیل زیادی کردووە بە ئامانجی رازیبوون بە ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە، بەڵام کەسوکاری بارمتەکان ئازادکردنیان کردووەتە مەرجێکی سەرەکی.

هەندێک لە خۆپیشاندەران تیشێرتێکیان لەبەردا بوو کە دەموچاوی خوێناوی سەرۆک وەزیرانیان لەسەر بوو کە بە وەزیری تاوان وەسفیان دەکرد.

یەکێک لە خۆپیشاندەران بەناوی "نیتا تزین"ـی تەمەن 39 ساڵ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "دەمانەوێت بە دەنگدان لە ناتانیاهۆ رزگارمان بێت، هیوادارم ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بن و فراوانتر بن".

لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 کەس لە ئیسرائیل کوژراون، بەپێی ئامارەکانی بزووتنەوەی حەماس 241 کەسی بە بارمتە گرتووە، لە بەرامبەردا تا ئێستا نۆ هەزار و 488 کەس لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون، کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنین، کە سێ هەزار و 900 یان منداڵن.